هۆكاری كۆچی دوایی سەڵاحەددینی ئەیوبی ئاشكرا دەكرێت

02/02/2019 - 10:55 بڵاوکراوەتەوە لە دیدارو چاوپێكەوتن

 

 

هەموو ساڵێك كۆمەڵە دكتۆرێكی ئەكادیمی تایبەت لە بواری تەندروستی لە كۆنگرەیەكدا گفتوگۆ لە نەخۆشییەكانی كەسایەتییە مێژووییەكان دەكەن، بۆ ئەوەی بزانن هۆكاری مردنی ئەو كەسانە لە مێژوودا چۆن بووە، بۆ ساڵی (2018) كەسایەتی كوردو ئیسلامی (سەڵاحەددینی ئەیوبی) دەست نیشان كراوە.

لەمبارەیەوە (د. ستیڤن گلۆكمان) لە كۆلێژی پزیشكی زانكۆی پەنسلڤانیا زانیارییەكانی لە بارەی تێكچوونی باری تەندروستی (سەڵاحەددینی ئەیوبی) خستۆتە روو، هەرچەندە دوای تێپەڕینی (800) ساڵ بەسەر كۆچی دوایی ناوبراو، ئەستەمە دەستنیشانكردنێكی وورد لەبارەی كۆچی دوایی (سەڵاحەددین) بخرێتە ڕوو، بەڵام ئەم پزیشكە تایبەتمەندە زۆرترین ئەو هۆكارانەی خستۆتەڕوو كە بوونەتە مایەی گیان لەدەستدانی ئەیوبی.

پزیشكەكە دەڵێت: تەندروستی (سەڵاحەددینی ئەیوبی) بۆ جاری یەكەم لەساڵی (1185) تێكچووە، ئەو كاتە تەمەنی (47) ساڵ بووە، بەڵام ئەو كاتە بەپێی بەڵگانامە مێژووییەكان لەماوەی دوو مانگدا هیچ نیشانەیەك بەدی نەكراوە.

پاشان لە ساڵی (1190) جارێكی دیكە باری تەندروستی (سەڵاحەددینی ئەیوبی) تێك چووەو تووشی نەخۆشی (تا) بۆتەوەو مانگێك كەمتر لەنێو جێگە ماوەتەوە، بەڵام ئەو كاتەی تەمەنی گەیشتۆتە (56) ساڵ جارێكی دیكە (تا) لێیداوەو تووشی نەخۆشییەكانی گەدە بۆتەوە، هاوكات تووشی سەرسووڕان و خوێنبەربوون بۆتەوە. لە رۆژی حەوتەم و هەشتەمی نەخۆشییەكەدا تووشی لەبیرچوونەوە بۆتەوە، هەروەها لە رۆژی یانزەمینی نەخۆشییەكەیدا ئارەقەیەكی زۆری كردووەو بەرەبەرە لەهۆش خۆی چووە، لە رۆژی چواردەمینی نەخۆشییەكەشیدا كۆچی دوایی كردووە.

هەروەها دكتۆر گلۆكمان ئاماژەی بۆ ئەمەش كردووە كە هۆكاری مردنەكەی (سەڵاحەددینی ئەیوبی) نەخۆشی (گرانەتا) بووە.

 

سەلاحەددین لە خێزانێکی کوردی سەر بە یەکێک لە ھۆزە کوردییە ناودارەکان بە ناوی ھۆزی ڕەوادی لەدایک بووە.شوێنی نیشتەجێبوونی ھۆزی ڕەوادیش لە نزیک شارۆچکەی دوین لە ئەرمەنستاندا بووە. ئەییووبییەکانیش دەدرێنە پاڵ ئەییووبی کوڕی شادی.

شادی (باپیرە گەورەی سەلاحەددین) ھەندێک پۆستی کارگێڕیی لە قەڵای تکریتدا پێ سپێردرا، کە لەو کاتەدا موڵکی بەھرۆزی خزمەتگوزاری سوڵتانی سەلجوقی محەمەدی کوڕی مەلیکشا بوو. شادی لەگەڵ دوو کوڕەکەیدا، نەجمەددین ئەییووب و ئەسەدەددین شێرکۆ، گواستیەوە بۆ ئەوێ و پلە-بە-پلە بە پۆستە کارگێڕییەکاندا سەرکەوت تا پۆستی پۆلیسیی (شەحنە) وەرگرت. کاتێ مرد نەجمەددین ئەییووب بووە جێنشینی و بەھۆی جوامێری و دەستپاکییەوە سوڵتانی سەلجوقی قەڵای تکریتی پێ سپارد و ئەویش بە باشترین شێوە بەڕێوەی برد. ھەروەک ئەسەدەددین شێرکۆی مامی سەلاحەددین لە پێشەوەی ئەمیرەکاندا بوو لای سەلجوقییەکان و لە تکریت و دەوروبەریدا ناوچەیەکی بەرفراوانیان بۆ تەرخان کردبوو.

سەلاحەددین ساڵی ١١٣٨ لە قەڵای تکریت لەدایک بووە. ڕۆژی لەدایکبوونی سەلاحەددین ھاوکات بوو لەگەڵ ئەو ڕۆژە کە موجاھیدەددین بەھرۆز، والیی بەغدا، بەھۆی کوژرانی یەکێک لە سەرکردەکانی قەڵا لەلایەن شێرکۆی مامی سەلاحەددینەوە، فەرمانی دا بە نەجمەددین ئەییووب و ئەسەدەددین شێرکۆی برای کە تکریت بەجێ بھێڵن. ئەوانیش بەجێیان ھێشت و بەرەو مووسڵ بەڕێ کەوتن.

ھەردوو برا، نەجمەددین و ئەسەدەددین، چوونە مووسڵ و لەلایەن عیمادەددین زەنگییەوە پێشوازییان لێ کرا[٣]. لەوێ بوو کە بنەماڵەی ئەییووبی گەشەی کرد و نەجمەددین و شێرکۆی برای بوونە یەکێک لە باشترین سەرکردەکانی عیمادەددین. ماوەیەک دواتر، عیمادەددین کوژرا و نوورەددین زەنگی کاروباری گرتە دەست. ئەویش بە یارمەتیی ئەییووبییەکان توانی دیمەشق بھێنێتە ناو دەوڵەتەکەی.

لە دیمەشقدا سەلاحەددین فێری زانستە ئیسلامییەکان، ھونەرەکانی سوارچاکی، ڕاو، تیرھاوێژی و پێداویستییەکانی تری پاڵەوانێتی بوو. کاتێک نوورەددین زەنگی لە ساڵی ٥٣٤ی کۆچی بەعلبەکی داگیر کرد، نەجمەددین ئەییووبی کرد بە والیی ئەوێ. پاشان، نەجمەددین چوو بۆ دیمەشق و بەم شێوەیە سەلاحەددین تەمەنی مناڵیی لە بەعلەبەکدا بەسەر برد.

 

ئـ . كـ