كێشەی كارەبای پێنجوێن چارەسەر دەكرێت

05/04/2016 - 10:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

بەرێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت: دوای بڕینی كارەبای پێنجوێن لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، لە یەك دوو رۆژی داهاتوو  كارەبای كوردستان بە پێنجوێن دەدەینەوە.


ئەندازیار سالار حسام الدین، بەرێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی بە كوردیوی ڕاگەیاند:" سەر لە بەیانی دوێنێ ئاگاداركراین كە كۆماری ئیسلام ئێران كارەبای شاری پێنجوێنی بڕیوە پێدەچێت  هۆكارەكەی پەیوەست بێت بە نوێكردنەوەی گڕیبەستی كڕینی كارەبا لە كۆماری ئیسلامی ئێران".


هەروەها راشیگەیاند:" بۆئەوەی دانیشتوانی سنوری قەزای پێنجوێن بێ‌ كارەبا نەبن، تیمەكانمان سەرقاڵی بەستنەوەی كارەبا قەزای پێنجوێنن بە تۆری كارەبای كوردستانەوە بۆ ئەوەی بەزووترین كات كارەبایان پێبدەین".


ئەوەشی خستەڕوو:  لە ڕووی تەكنیكیەوە ئامادەكاری تەواومان هەیە بۆ پێدانی كارەبای كوردستان بە قەزای پێنجوێن.


جێگای ئاماژە پێدانە ماوەی چەند ساڵێكە كارەبای قەزای پێنجوێن لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دابین دەكرێت و پێشتر  10 مێگاوات بوو، بەڵام ئەمساڵ زیاتر بۆ  20  مێگاوات كارەبا بۆ ئەو ناوچانە دابین كراوە.

سەلام بێستانسوری