پەرلەمانتارێك: بڕی یەك ملیارو 107 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت دیار نیە

06/04/2016 - 13:06 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

 

 
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردیستان ڕایدەگەیەنێت: بە پێی ڕێژەی هەناردەی نەوتی سێ مانگی ڕابردوو كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان ڕایگەیاند، بڕی یەك ملیارو 107 ملیۆن دۆلار دیار نیە.
 
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی:" كۆی سێ مانگی ڕابردوو بەپێی ژمارەی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان 1،528 یەك ملیارو پێنج سەدو بیست و هەشت ملیۆن دۆلارە، لەو بڕە 182 ملیۆن دۆلاری دراوە بە كۆمپانیا بیانییەكان، دەمێنێتەوە1.346 یەك ملیار سێ سەد و چل و شەش ملیۆن دۆلار".
 
هەروەها ئاماژەی بە داهاتی ناوخۆ كردوە كردووە كە نەوت لە ڕێگەی تەنكەرەوە دەگواسرێتەوە بەم شێوەیەیە: داهاتی پاڵاوتنی ناوخۆو تانكەر مانگانە لەنێوان 175 ملیۆن دۆلار بۆ 200 ملیۆن دۆلاردایە، داهاتی سێ مانگی رابردوو دەكاتە 525 ملیۆن دۆلار".
 
عەلی حەمە ساڵح لەكۆی گشتی نەوتی فرۆشراو داهاتەكەی ئامژەی بە دیار نەمانی یەك ملیارو 107 ملیۆن دۆلار كردووە.
 

 

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:-


داهاتی نەوت   سێ مانكی رابردوو
دیارنەبوونی یەك ملیارو 107 ملیۆن دۆلار
داهاتی فرۆشتن لە رێگای بۆری، تانكەرو پاڵاوتن لە ناوخۆدا
ئامادەكردنی: عەلی حەمە ساڵح
داهاتی بۆری
بەپێی ژمارەی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
مانگی یەك، داهاتی نەوت لە رێگای بۆرییەوە بڕەكەی 650 ملیۆن دۆلاربووەو 75 ملیۆن دۆلار دراوە بە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوت.
مانگی دوو، داهاتی نەوت لە رێگای بۆرییەوە بڕەكەی 303 ملیۆن دۆلاربووەو 71 ملیۆن دۆلاری دراوە بە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوت.
مانگی سێ، داهاتی نەوت لە رێگای بۆرییەوە 557 ملیۆن دۆلار بووە، 36 ملیۆن دۆلار دراوە بە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوت.
كۆی داهاتی وەدەستهاتوو بەپێی ژمارەی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان 1،528 یەك ملیارو پێنج سەدو بیست و هەشت ملیۆن دۆلارە، لەو بڕە 182 ملیۆن دۆلاری دراوە بە كۆمپانیا بیانییەكان، دەمێنێتەوە1.346 یەك ملیار سێ سەد و چل و شەش ملیۆن دۆلار.
داهاتی پاڵاوتن لە ناوخۆدا، تانكەر
داهاتی پاڵاوتنی ناوخۆو تانكەر مانگانە لەنێوان 175 ملیۆن دۆلار بۆ 200 ملیۆن دۆلاردایە، داهاتی سێ مانگی رابردوو دەكاتە 525 ملیۆن دۆلار.
بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم زانیارییە، داهاتی تەنیا بەڕێوبەرایەتییەكانی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان لە ساڵی 2015دا وەردەگرین، كە دەكاتە 2.180 دوو ترلیۆن وسەد و هەشتا ملیار دینار، كە مانگانە 181 ملیار دینار(150 ملیۆن دۆلار)ە، جگە لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو بە تانكەر.
كۆی ئەو 2.180 دوو ترلیۆن وسەد و هەشتا ملیار دینارە داهاتی بەرێوبەرابەرایەتی بەرهەمە نەوتییەكانە، ئەم بڕە داهاتەش لە بانكی كوردستانی ئەهلی دانراوەو هەرییەكە لە بەڕێوبەرایەتییەكانیش لە رێگای ئەم ژمارە حسابیانەوە دیاناوە.
سلێمانی 3113309
دهۆك 4263521
هەولێر 5001565
نەوت و كانزای كۆیە 5001566.
تێبنییەكان.
یەكەم:كۆی داهاتی نەوت لە سێ مانگی رابردوودا
داهاتی بۆری + تانكەرو پاڵاوتن = كۆی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی حكومەت.
1.346+ 525 = 1.871
كۆی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی حكومەت دەكاتە1.871 یەك ملیارو هەشت سەد و حەفتاو یەك ملیۆن دۆلار .
لەم بڕە پارەیە تەنیا نزیكەی 800 ملیۆن دۆلاری دراوەتە موچەی مانگی یەك و دووی 2016 ،نزیكەی 1.071 نزیكەی یەك ملیارو حەفتاو یەك ملیۆن دۆلاری نادیارە.
دووەم: سەرجەمی پارەو داهاتی نەوت دەچێتە بانكی كوردستانی ئەهلی لە هەولێر نەك بانكی حكومەت، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پارەكەش لە دۆلار بۆ دینار دەدرێت بە بانكی كوردستانی ئەهلی بەنرخی بانكی ناوەندی عێراق، بەبێ كێبڕكێ. كە رێژەی قازانجی نزیكەی 5% و لە سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلاری بەهۆی ئەم قۆرخكارییەوە دەستكەوتووە، لەكاتێكدا حكومەت خۆی دەتوانێت لە رێگای سێ بانكی سەرەكی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بەشێوەی كێبكرێ ئەم پرۆسە بەرێوەببات.

سەلام بێستانسوری