سلێمانی... خێڵە سونییەكان پشتیوانی مانەوەی سەلیم جبوری دەكەن

19/04/2016 - 09:05 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

 كوردیو ـ سلێمانی ـ یانی یادگار
ژمارەیەك لە سەرۆك خێڵ و كەسانی ئەكادیمی سونەی عەرەب لە شاری سلێمانی كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا بۆ تاوتوێكردنی دواین گۆڕانكارییەكانی پەرلەمانی عێراقی و پشتیوانی مانەوەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەلیم جبوریان لە پۆستەكەی راگەیاند.

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حزبی ئیسلامی عێراقی حسێن زوبەیدی لە بارەی كۆبونەوەكەوە بەڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند:" ئەهلی سونە لە ساڵی 2003 ەوە تا ئەمڕۆ هاوشانی برا كورد و شیعە و توركمان و پێكهاتەكانی تر بەشداری پڕۆسەی سیاسی عێراقیان كردووە و جگە لە مافی خۆیان هیچ داواكارییەكی تریان نەكردووە ، داوامان كردووە وەك پێكهاتەكانی تر مامەڵەمان لەگەڵ بكرێت بەڵام روبەڕوی پەراوێزخستن و دورخستنەوەو گرتن و تیرۆركردن و رادەستكردنی پارێزگاكانمان بە داعش بوینەتەوە ".

هەروەها وتیشی:" جگە لەو پێشێلكاری و كوشتنەی هەیە ، ئەمڕۆ لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا كەسە سونییە دیارە میانڕەوەكان روبەڕوی كودەتا دەبنەوە لەلایەن چەند لایەنێكی ناوخۆییەوە كە  لایەنی دەرەكی پشتیوانیان دەكەن ".


  حسێن زوبەیدی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە ئەوەی ئیستا لەپەرلەمانی عێراق دەگوزەرێت كودەتایەو سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئیستا شەرعیەتی لەگەلەوە وەرگرتوە .


سەلام بێستانسوری