ئاڵۆزترین دروستكراوی خوا ... بەشی یەكەم

15/04/2016 - 09:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

 

 

ئەگەر ئەوەی مرۆڤ بەچاوی خۆی دەیبینێت و پێی وابێت ئاڵۆزەو ئەستەمە تێگەیشتنی، بەڵام خودی مرۆڤ پێكهاتەیەكی زۆر ئاڵۆزەو تاكو ئێستا بەشێك لەو نهێنیانەی مرۆڤیش ئاشكرا نەبوون.
خوای گەورە كەمرۆڤی دروست كردووە، هەر ئەویش نهێنییەكانی ئەو مرۆڤە دەزانێت، بەتایبەتی لەپێكهاتەكانی.
ئەوەی مەبەستمانە لەو كورتە باسە، مێشكی مرۆڤە، كەچی پێشكەوتن و تەكنۆلۆجیاو گەڕان و دۆزینەوەو بەدواداچوون و توێژینەوەو تێڕامان هەیە، هەموو فەرمانەكانی لەمێشكەوە دەرچوون.
زاناكان دەمێكە لەمێشك ڕامان و لێووردبوونەوەیان كردووەو چەندین نهێنیان بۆ دەركەوتووەو چەندی تریشیان نەزانیوە، بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەیەی تاكو ئێستا زاناكان پێی گەیشتوون، مێشكی مرۆڤ بریتییە لەپارچەیەك گۆشتی زۆر ئاڵۆزو پێویستی بەماوەی بیست ساڵ هەیە بۆ ئەوەی گەشە بكات، لەو كاتەی كۆرپە لەسكی دایكیەتی مێشكی لەهەموو چركەیەك هەشت هەزار خانە دروست دەكات و كاتێكیش لەدایك دەبێت مێشكی تەواوەو تەنها پێویستی بەگەشەكردن هەیەو هەر بۆیەشە مێشكی مرۆڤ لەئاڵۆزترین و پێشكەوتووترینی ئەو شتانەیە كەمرۆڤ پەی پێدەبات، هەربۆیە كاتێك كۆرپە لەدایك دەبێت ماوەیەكی زۆر كەمی پێویستە بۆئەوەی دایكی خۆی بناسێتەوە.
زاناكان دەڵێن: كۆرپە كاتێك لەناو سكی دایكیەتی ڕەنگ نابینێت، بەڵام بەهۆی مێشكیەوە هەست بەدەنگە دەنگ و ژاوە ژاو دەكات و كاتێكیش لەدایك دەبێت ماوەیەك تەنها رەش و سپی دەبینێت، بەڵام هەستی بینینی چاوەكانی زۆر خێرایە.
هەروەها هەر خانەیەكی مێشك بەشێوەیەكی بەردەوام دە هەزار پەیوەندی بەخانەكانی تری مێشكەوە دەكات و هەر بەشێكی مێشكیش كارێكی تایبەتی هەیەو بەشێكی تایبەتیش هەیە بۆ دروستكردنی هەماهەنگی لەنێوان هەموو خانەكان و وەك بەشی پەیوەندییەكان و گەیاندنی مێشك وایە.

 

ئـ . كـ