ئەگەر ئۆتۆمبیلەكەت دووكەڵی شین و ڕەش و سپی كرد چی دەكەیت؟!

19/07/2017 - 15:21 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

هەموو شۆفێرێك شارەزایی تەواوی لە ئۆتۆمبیل و وردەكارییەكانیدا نییە بەتایبەتی لەمەكینەدا، بۆیە لەم راپۆرتەدا هەوڵ دەدەین هەندێ زانیاری گشتی لەبارەی مەكینەو گرفتەكانی‌و زانینی حاڵی مەكینەی ئۆتۆمبیلەكەت دەخەینەڕوو. بۆ ئەوەش ئاسانترین رێگە تەماشاكردنی جۆر و رەنگی ئەو دووكەڵەیە كە لە ئەكجۆزی ئۆتۆمبیلەكەتەوە دەردەچێت.

دووكەڵی شین

ئەگەر ئەو دووكەڵەی لە ئەكجۆزی ئۆتۆمبیلەكەتەوە دەرچوو رەنگی شین بوو ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە رۆنی مەكینەكەت دەسووتێ و رۆن سەرف دەكات، یان ئەڵقەی سوڕانەوەی رۆنی مەكینەكەت پچڕاوە، یان دیواری پستۆنەكان داخوراوە یان كاسكێت سووتاوە یان لاواز بووە، یاخود گرفتی گەورە لەمەكینەكەتدا هەیە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە پێویستە بەزووترین كات گرفتەكە چارەسەر بكەیت.


دووكەڵی رەش

ئەگەر ئەكجۆزەكە دووكەڵی رەشی دەركرد ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە گرفت لە مەكینەكەتدا هەیە لەڕووی سووتانی سووتەمەنی و بەنزینەوە. بەتایبەتی ئەو رەنگە رەشە نیشانەی ئەوەیە كە هەندێ سووتەمەنی نەسووتاو كۆبۆتەوە یان گرفت لە ئەكجۆزەكەدا هەیە، یاخود بۆ ماوەیەكی زۆر ئۆتۆمبیلەكەت بە نەكوژاوەیی راگرتووە یان بۆ ماوەیەكی درێژ بەهێواشی لێتخوڕیوە.
نیشانەیەكی تری دووكەڵی رەش بریتییە لەوەی گرفت لەچۆنێتی سووتانی سووتەمەنیدا هەیە لەناو بەخاخ و كابلێتەردا، مەكینەكە ناچارە ئۆكسجینی زیاتر بدات ئەمەش یاریدەدەرە بۆ كۆبوونەوەی سووتەمەنی و دەركردنی دووكەڵی رەش، یاخود نیشانەیەكی تریشی هەیە كە كەمتر سەرنجی بچێتە سەر ئەویش خراپ بوون یان كۆن بوونی فلتەری هەوایە.
دووكەڵی سپی

دووكەڵی سپی نیشانەی ئەوەیە كە ئاوی ناوەوە دەبێتە هەڵم یان شلەی سارد كەرەوە یان ئەنتی فرێزەكەت دەستی بەسووتان كردووە یان لەوانەیە سەری پستۆنەكان خراپ بووبێ یان درز یان دزەكردنی هەوا لەمەكینەكەدا هەبێ.

م-ع-كانی

س: كورد ئۆتۆ