لەناو ئۆتۆمبێل دەبێت چی هەبێت ؟؟

24/09/2017 - 10:26 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

 

شوفێری یەكێك لەخەسڵەتەكانی بریتییە لە هونەرو بەدەمەوە بوون، بۆیە شوفێران لەسەریان پێویستە بەشێوەیەكی بەردەوام لەناو ئۆتۆمبێلەكەیان چەند پێداویستییەكیان لابێت، ئەوەش بۆكاتی پێویست زۆر گرنگە.

1. پێداویستی میكانیكی بۆ گۆڕینی تایەكان : ئەوە پێكدێت لە تایەی یەدەگ و سپانەی لێكردنەوەی بورغوی تایەكان و ئامێر بۆ تێكردنی هەوا بۆ تایەی ئۆتۆمبێل.

2. نەخشەی شوفێری : نەخشەی ئێستا بەشێوەی (GPS) و لەسەر مۆبایلەكان پەیوەست دەكرێت، ئەوەش سوودی بۆ شوفێر ئەوەیە كە بەبێ‌ كێشە دەتوانێت بگاتە جێگەی مەبەست.

3. ئامێری پێوەری هەوا : ئەو ئامێرە پێویستە بۆ پشكنینی تایەكان، لەبارەی بەرزی و نزمی ئاستی هەوای ناو تایەكان.

4. كارتی شوفێری و مۆڵەتی ئۆتۆمبێل : لای خۆمان (ئیجازەو سەنەوی) پێدەڵێن، بوونی ئەو دوو كارتە بۆ شوفێر زۆر گرنگە، چونكە سەلـمێنەری ئەوەیە كە ئۆتۆمبێلەكە مافی خۆتە، پێویستە ئاگاداری هەرجۆرە سەزاو پێبژاردنێك ببی.

5. گۆڕینی ڕۆن : پێویستە شوفێر ناوە ناوە سەیری ڕۆنی مەكینە بكات، نەوەكو كەمی كردبێت، چونكە دواتر گرفتی لێدەكەوێتەوە، هەروەها دەبێت لەكات و وادەی دیاریكراوی خۆیدا بیگۆڕێت.

6. كێبل یان حەبل : پێویستە هەموو شوفێرێك لەنێو ئۆتۆمبێلەكەی كێبڵ و حەبلی لابێت، ئەوەش تاكو ئەگەر ئۆتۆمبێلەكەی تووشی پەككەوتن هات، لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێكی تر رایبكێشێت.

7. سێگۆشەی فسفۆری سوور : بوونی ئەم سێ‌ گۆشە سوورە زۆر گرنگە، چونكە لەهەر شوێنێك ئۆتۆمبێلەكە پەكی كەوت دەبێت ئەو سێگۆشە فسفۆرییە ئامادەبێت و لەدووری چەند مەترێك دابندرێت و جێگیر بكرێت و شوفێرەكانی تر ئاگادار بكرێنەوە.

8. گڵۆپی بچووك : ئەم گڵۆپە رووناكییەكی بچووكە بەهۆی پاتری ئۆتۆمبێلەكەوە كار دەكات و لەئەگەری گرفتێك لەنێو مەكینە لەكاتی شەواندا ئەو گڵۆپە دادەگیرسێندرێت.

9. جانتای تەندروستی : پێویستە شوفێران بە بەردەوامی جانتای پێداویستییە تەندروستییەكانیان لابێت، لەنێو جانتاكەش كۆمەڵێك پێداویستی پزیشكی تێدابێت بۆ حاڵەتێكی لەناكاو.

ئـ . كـ