هۆكاری لەكاركەوتنی سلفی ئۆتۆمبێل لە كوردیو بزانە

13/01/2019 - 13:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

سلفی ئۆتۆمبێل ئەو بەشە سەرەكییەی ئۆتۆمبێلە كە كاری جوڵەپێكردنی سەرەتایی بزوێنەری ئۆتۆمبێلە، تا ئەوكاتەی بزوێنەرەكە دەست بەكاركردن دەكات، ئەوەش لەڕێگەی وزەیەكی كارەباییەوە كە لەپاتری ئۆتۆمبێلەكە وەریدەگرێت‌و دواتر لەڕێگەی سیستمێكی كارەبایی‌و دیشلەوە، وزەكە دەگۆڕدرێت بۆ جوڵە‌و دەبەسترێت بەفلاویلی بزوێنەرەكەو جوڵەیەك دەبەخشێتە بزوێنەر بۆ ئیشپێكردن.

سلف وەك هەر پارچەیەكی تری ئۆتۆمبێل، خراپ دەبەێت‌و بەشەكانی لەكاردەكەون، گرنگترین هۆكارەكانی لەكاركەوتنی سلف ئەمانەن:

1 خراپبوونی پاتری یاخود پاترییەكە پێویستی بەشەحنكردنەوە بێت.
2 سەری پاترییەكە، یاخود شوێنی (+ ‌و -)ی پاتریەكە كلسی كردبێت‌و ڕێگریی لەگەیاندنی تەزووی كارەبا بكات بۆ سلفەكە.
3 بوونی كێشە لەوایەرەكانی گەیاندنی كارەبا لەنێوان پاتری‌و هەڵسوڕێنەری سلفەكەدا.
4 بوونی كێشە لەدیشل یاخود بونی كاربون لەناو بەشە كارەباییەكانی سلفەكەدا.

 

یەكەم: كاتێك شۆفێر لەڕێگەی سویچەوە سلف لێدەدات، سلفی ئۆتۆمبێلەكە دەسوڕێت، بۆئەوەی ئۆتۆمبێلەكە بكەوێتەكار، لەوكاتەدا سلفەكە دەسوڕێت، بەڵام ئۆمبێلەكە ناخاتەكار‌و جوڵە ناگوازێتەوە بۆ بزوێنەرەكە‌و بۆشی دروست دەبێت، ئەمەش هۆكارەكەی بەشێوەیەكی سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ خراپبوونی (دیشل)ی سلفەكە.


دووەم: جۆرێكی دیكەی لەكاركەوتنی سلفی ئۆتۆمبێل هەیە، لەم حاڵەتەدا سلفەكە جارێك ئیش دەكات‌و جارێكی دیكە ئیش ناكات، لەم حاڵەتەدا پێویستە شۆفێر بەچەكوشێكی بچوك، یاخود هەر كەرەستەیەكی تر بەهێواشی بەسلفەكەدا بكێشێت، ئەگەر دوای پێكداكێشانەكە ئیشیكرد، ئەوا كێشە دەگەڕٍِێتەوە بۆ بوونی كاربۆن لەدەستپێكردنی جوڵەی سلفەكەدا، لەم حاڵەتەشدا پێویستە چاكبكرێتەوە، یاخود شكانی پارچەیەك لەدانەكانی دیشلی سەری سلف.


حاڵەتی سێیەم: سلف بەقورسی دەگەڕێت، هۆكارەكەش بۆ بوونی كێشە لەكارەبای پاتری دەگەڕێتەوە، لەم حاڵەتەدا پاتریەكە بپشكنە، ئەگەر كێشەی نەبوو ئەوا دڵنیا ببەرەوە لەنەبوونی كێشەی وایەرەكانی نێوان هەڵسوڕێنەری سلفەكە‌و پاترییەكە.

 

 


سەرچاوە/ هاتوچۆی سلێمانی
س ب