نیشانەكانی لاوازبونی بزوێنەری ئۆتۆمبێل لەكوردیو بزانە

15/01/2019 - 10:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

دوای دامەزراندنی چەندین كۆمپانیای دروستكردنی ئۆتۆمبێل، لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا، شارەزایان‌و ئەندازیارانی بواری ئۆتۆمبیل، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لەهەوڵدان بۆ پێشخستنی ئەو پیشەسازییە‌و داهێنانی نوێ، هاوكات لەهەوڵدان بۆ دۆزینەوەی كەم‌و كورتی‌و كێشەكانی ئۆتۆمبێل.


زۆر جار كە شۆفێر هەست بەناتەواوی ئۆتۆمبێلەكەی دەكات گرنگی پێنادات تا بەتەواوی ئۆتۆمبێلەكەی لەكار دەكەوێت، كاتێكیش دەیباتە لای فیتەر یان وەرشەكانی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل، دەردەكەوێت بزوێنەری ئۆتۆمبیلەكەی بەرەبەرە لاواز بووە تا بەتەواوی لەكار كەوتوە.


لەم ڕاپۆرتەدا باسی نیشانەكانی لاوازبوونی بزوێنەری ئۆتۆمبیل دەكەین، كە بەشێك لەشۆفێران پێوەی گیرۆدە دەبن، هەر بۆیە ئەندازیاران‌و شارەزایانی بواری ئۆتۆمبێل چەند خاڵێكیان دەست نیشان كردوە كە نیشانەن بۆئەوەی بزوێنەری ئۆتۆمبێل بەرەو لاواز بوون دەچێت.


هەندێك لەو نیشانە سەرەكیانەی كە دەری دەخەن، بزوێنەر بەرەو لاواز بوون دەچێت بریتین لە: -


1- ڕۆنی ناو بزوێنەر زوو زوو ڕون دەبێتەوە‌و چەوری نامێنێت‌و توانای چەوركردنی پارچەكانی ناو بزوێنەرەكەی نامێنێت، لەو كاتەشدا سەرجەم پارچەكانی ناو بزوێنەر توشی داخوران دەبن‌و لەكار دەكەون.


2- دەرچونی دوكەڵی زۆر لەئاگزۆزی ئۆتۆمبیلەكەوە، ئەوەش دەرەنجامی ئەوەیە بزوێنەر ئەو بەنزینەی بۆی دێت بەشێوەیەكی دروست نایسوتێنێت، ئەوەش وادەكات كێشی ئۆتۆمبیلەكە كەم ببێتەوە‌و فشاری زۆری بكەوێتە سەر.


3- زۆر جار لەكاتی ئیش پێكردن یان ڕۆیشتنی ئۆتۆمبێلدا هەست بەلەرزینی بزوێنەر دەكرێت، ئەوەش هۆكاری خراپبوونی بەشێكی ناو بزوێنەرە، كە ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت، بێگومان زیان بەپارچەكانی دیكە دەگەیەنێت لەبەر ئەوەی هەر پارچەیەكی ناو ئۆتۆمبیل بەستراوە بەپارچەیەكی دیكەوە‌و كاریگەریان بۆ سەر یەكتری هەیە.


4- هەندێ جار شۆفێر هەست بەوە دەكات هەرچۆنێك پێ بەپایدەری بەنزیندا بنێت ئۆتۆمبیلەكەی ناگاتە خێرایی پێویست ئەوەش مانای ئەوەیە بزوێنەر لاواز بوە‌و توانای ئەوەی نیە هێزی تەواو بۆ خولانەوەی تایەكان بنێرێت، بۆیە ناتوانێت بگاتە ئەو توانایە ئۆتۆمبیلەكە بگەیەنێتە خێرایی پێویست.


ئەوانەی باسكران دیارترین نیشانەكانی لاواز بونی ئۆتۆمبیلە، هەركاتێك شۆفێر هەستی بە هەریەكێك لەو نیشانانە كرد پێوستە بەزوترین كات ئۆتۆمبیلەكەی بگەیەنێتە لای فیتەر یان وەرشەكانی چاككردنەوەی ئۆتۆمبیل، لەبەرئەوەی پێكهاتەی ئۆتۆمبیل وایە سەرجەم پارچەكانی پەیوەندیان بەیەكەوە هەیە‌و لاواز بونی هەر پارچەیەك كاریگەری خراپ دەكاتە سەر پار چەیەكی دیكە، بەپێچەوانەوە‌و فەرامۆش كردنی، پاش ماوەیەك تێچونی چاككردنەوەكەی زۆر زیاتر دەبێت‌و كاتێكی زۆرتریشی پێویستە.

 

 


سەرچاوە/ هاتوچۆی سلێمانی
س ب