لەسەرمادا پاتری ئۆتۆمبێل لەكار دەكەوێت، ڕێگایەكی نوێ لەبری چەتاڵكردنی ئاشكرادەكرێت

15/01/2019 - 11:36 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

هەندێك جار بەهۆی ساردیی كەش وهەواوە، پاتریی ئۆتۆمبێل لەكار دەكەوێت و ئۆتۆمبێلیش هەڵ نابێت، بۆیە باشتر وایە ڕێگایەكی ئاسان بۆ دووبارە كارپێكردنەوەی بزانیت.

 


ماڵپەڕی لاورین فیكس ڕێگایەكی ئاسانی بۆ ئەو كەسانە خستووەتەڕوو كە لە وەرزی زستاندا ڕووبەڕووی كێشەی تێكچوونی پاتریی ئۆتۆمبێلەكانیان دەبنەوە، بۆ ئەمەش تەنیا پێویستە گیراوەیەك لە سۆدەی نان و ئاو دروست بكەیت.

 


ئەگەر لە وەرزی زستاندا، بەهۆی ساردیی كەش وهەواوە، ئۆتۆمبێلەكەت هەڵ نەبوو، سەرەتا كەوچكێكی ئاسایی سۆدەی نان، بخەرە نێو پەرداخێك ئاو و تێكەڵیان بكە، پاشان فڵچەیەكی ددان بخەرە نێو گیراوەكە و بە فڵچەكە سەرەكانی پاتری ئۆتۆمبێلەكەت پاك بكەرەوە.

 


بەئەنجامدانی ئەم ڕێگایە، ئەگەر بەهۆی سەرماوە پاتریی ئۆتۆمبێلەكەت لەكار كەوتبوو، دووبارە كار دەكاتەوە و ئۆتۆمبێلەكەت هەڵ دەبێت، بەمەش پێویستت بە چەتاڵكردنی پاتریی ئۆتۆمبێلەكەت نابێت.

 

 

سەرچاوە/ هاتوچۆی سلێمانی
س ب