لیستی باشترین زانكۆكانی جیهان ببینن

10/07/2019 - 13:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

لەم ماوەیەی دواییدا پۆلێنكردنی زانكۆكانی جیهان بۆ ساڵی (2020) بڵاوكرایەوە كە پۆلێنكردنێكی ئەكادیمیانەیە‌و چەند پێودانگێكی زانستیانەی باوەڕ پێكراو لە خۆ دەگرێت.

پۆلێنكردنی ئەكادیمی زانكۆكانی جیهان لەلایەن پەیمانگەی فێركردنی باڵای زانكۆی (شەنگەهای جیاو تۆنگ) ەوە دەكرێت و گەورە دامەزراوەكانی فێركردنی باڵا لەخۆ دەگرێت، ئەویش بەپێی چەند پێودانگێكی گرنگەو بە شێوەیەكی سەربەخۆیانە ئەنجام دەدرێت.

مەبەستی سەرەكی لەم كارە لەلایەن زانكۆیەكی چینییەوە بۆ دیاریكردنی پێگەی زانكۆكانی چینە لە بواری خوێندنی باڵا‌و هەوڵدانە بۆ كەمكردنەوەی كەلێنەكانی ئەو زانكۆیانەو زانكۆ دەستەبژێرە باڵاكانی جیهان.

ئەو پۆلێنكردنە بەپێی پێودانگی بابەتی دادەنرێت و پرۆسەكە پشتی پێدەبەستێت كە لەڕێیەوە زانكۆكان كێبركێی لەسەر دەكەن بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەكی تایبەت و بەدەستهێنانی ناوو ناوبانگێكی باشی جیهانی.

سەرەتای پرۆسەكە دوو هەزار زانكۆ كە خاوەنی خاڵی پێویستن لە كۆی (10) هەزار زانكۆی جیهان كە لەلای ڕێكخراوی یۆنسكۆ تۆماركراون دەچنە كێبركێوەو دواترو لەقۆناغی دووەمدا هەزار زانكۆ هەڵدەبژێردرێت و لە دوا قۆناغیشدا (500) زانكۆ لەڕووی باشییەوە پۆلیندەكرێن و بەوەش ئەو (500) زانكۆیە لەڕووی ریزبەندییەوە دەبنە باشترین زانكۆكانی جیهان بۆ ئەو ساڵە.

بەشێك لەپێودانگەكان كە پشتیان پێ دەبەسترێت بۆ دەستنیشانكردنی باشترین زانكۆكان بریتین لە :

1. كوالێتی فێركردن و خوێندن، كە ئاماژەیەكە بۆ دەرچوانی ئەو دامەزراوەیەو ئەوانەی دواتر بوونەتە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ و مەدالیای (فێلدز) كە ڕێژەی (10%) ی خاڵەكان بۆ ئەوە دادەنرێت. 

2. كوالێتی وانە وتنەوە ئەویش ئاماژەیەكە بۆ دەستەی وانە وتنەوەو مامۆستایان كە خۆیان هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ یان مەدالیای (فێلدز) ن و ڕێژەی (20%) ی خاڵەكانیش بۆ ئەوە دادەنرێت ‌و هەروەها گرنگی دەدرێت بەو توێژەرەوانەی لەو زانكۆیانە لە (21) بواری زانستی جیادا كاریان كردووەو ڕێژەی (20%) ی خاڵەكانیش بۆ ئەو لایەنەیە. 

3. چەندێك لە توێژینەوەو وتاری مامۆستاو توێژەوانی ئەو زانكۆیانە لە گۆڤاری (Nature) یان (Science) دا بڵاو كراوەتەوەو ڕێژەی (20%) ی خاڵەكانیش بۆ ئەوە دیاری دەكرێت و ڕێژەی (20%) یش بۆ ئەو وتارو بابەتانەی مامۆستا‌و توێژەرەوانی ئەو دامەزراوانە دادەنرێت كە لەرێبەری زانستی‌ و ڕێبەری زانستە كۆمەڵایەتییەكان و ڕێبەری هونەرەكان ‌و زانستە مرۆڤایەتیەكان بڵاوكراونەتەوە. 

4. قەبارەی دامەزراوەكە ئەمەش ئاماژەیە بۆ دەستكەوتە زانستییەكانی ئەو ناوەندە ئەكادیمیانەو ڕێژەی (10%) ی خاڵەكانی پێدەبەخشرێت ‌و هەموو ئەو خاڵانەش كۆدەكرێنەوەو دەكاتە (100%).

بۆ ساڵی 2020 یش پۆلێنكردنەكە بەم شێوەیەیە:

ریزبەندیی یەكەمین 10 زانكۆی جیهان

1. پەیمانگەی ماساشوتیسی تەكنەلوژیی (MIT) – ئەمریكا 

2. زانكۆی ستانفۆرد – ئەمریكا 

3. زانكۆی هارڤارد – ئەمریكا 

4. زانكۆی ئۆكسفۆرد – بەریتانیا 

5. پەیمانگەی كالیفۆرنیای تەكنەلۆژی – ئەمریكا 

6. پەیمانگای فیدرالی بۆ تەكنەلۆژیا – زیوریخ (سویسرا) 

7. زانكۆی كامبریدج – بەریتانیا 

8. كۆلێژی لەندەنی زانكۆیی – بەریتانیا 

9. ئیمپریال كۆلیج – لەندەن – بەریتانیا 

10. زانكۆی شیكاگۆ – ئەمریكا

زانكۆ عەرەبیەكانیش ڕیزبەندییان بەم شێوەیە بووە

زانكۆی شا عەبدولعەزیز – سعودییە 186

زانكۆی شا فەهد بۆ پیترۆل و كانزاكان – سعودییە 200

زانكۆی ئەمریكی لە بەیروت 244

زانكۆی خەلیفە – میرنشینی عەرەبی یەكگرتوو 268 دووبارە

زانكۆی قەتەر – قەتەر 276

زانكۆی شا سعود – عەرەبستانی سعودییە 281 دووبارە

زانكۆی میرنشینی یەكگرتووی عەربی 329 دووبارە

زانكۆی بلمند لوبنان 581 – 590

زانكۆی ئەمریكی لە دوبەی 601 – 650 

زانكۆی بەغداد – عێراق 701 – 750 

چەند زانكۆیەكی عەرەبی دیكەش كەوتونەتە ڕیزبەندی (801 بۆ 1000) و لەوانەش زانكۆی موستەنسرییە لەبەغدای پایتەختی عێراق و زانكۆی كوفە لە عێراق .

شیاوی وتنە تا ئێستا هیچ یەك لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان نەچوونەتە ناو لیستی یەكەمی ئەو دوو هەزار زانكۆیەی بۆ كێبركێی سەرەتایی تۆمار دەكرێن.

كەشتی نووح