بارستایی زەوی ئایا لە زیادبوونە یان كەمبوون بە تێپەڕبوونی كات ؟؟

06/02/2019 - 09:14 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

ئێمە بە گشتی وادەزانین بارستایی گۆی زەوی نەگۆڕە، بەڵام لە راستیدا ئەو بڕە بەردەوام و ساڵانە لە گۆڕاندا بووە.

هەندێك هۆكار هەیە بارستایی گۆی زەوی زۆرتر دەكات و هەندێكیان كەمتری دەكەنەوە، لێرەدا بەكورتی باسی گرنگترینی ئەو هۆكارانە دەكەم.
ئەو هۆكارانەی بارستایی گۆی زەوی زۆرتر دەكەن بە شێوەیەكی سەرەكی بەردە نەیزەكەكان و میتیۆرە زۆر بچوكەكانن واتە ئەو بەردو تەنۆچكە بچووكانەی كۆمەڵەی خۆر كە لە گۆی زەوی نزیك دەبنەوە، زەویش بەهۆی هێزی كێشكردنی ڕاویان دەكات و زۆربەیان لەناو بەرگە هەوای گۆی زەوی دەسوتێن، ئەگەر چی بڕی زۆریان دەبێتە گاز، بەڵام ئەو گازەش بارستایی هەیەو دێتە ناو بەرگە هەواو تێكڕای بڕی بارستایی گۆی زەوی زیاد دەكات، هەندێك جار پارچە بەردی بچووكیش دەكەونە سەر زەوی، بڕی ئەو بەردە نەیزەكە بچووكانەو میتیۆرانە ساڵانە لە نێوان (30) هەزار تاوەكو (100) هەزار تۆنە، واتە ساڵانە ئەوەندە بارستایی گۆی زەوی زۆرتر دەبێت لەم ڕێگەیەوە.

جار جارە چەند ملیۆن ساڵێكیش جارێك هەسارۆكەیەكی بچووك یان گەورە خۆی بە زەویدا كێشاوەو بڕێكی زۆر لە بارستایی لەگەڵ خۆی هێناوە بۆ گۆی زەوی و تێكڕای بارستایی گۆی زەوی زۆرتر كردووە، لەگەڵ هەر بەركەوتنێكی لەم جۆرە بارستایی گۆی زەوی بە ملیۆنەهاو بگرە ملیارەها تۆن زۆرتر بووە، ئەم هۆكارە فاكتەری سەرەكی گۆڕانی بارستایی گۆی زەوی بووە تاوەكو ئێستا.

لەلایەكی تر كۆمەڵێك هۆكار هەن بەردەوام وادەكەن بارستایی گۆی زەوی لە كەمبوونەوەدا بێت، لەوانە تەنك بوونەوەی بەرگە هەوای گۆی زەوی، سالانە بڕی (95) هەزار تۆن لە بارستایی گۆی زەوی كەمدەكات بەهۆی تەنك بوونەوەی بەرگە هەوایەكەی، كەمبوونەوەیەكی تریش ڕوودەدات لە بارستایی گۆی زەوی ئەویش بەهۆی شیبوونەوەی هەندێك لە مادە تیشدەرەكان كە لە توێكڵی گۆی زەوی هەن، بەڵام بڕەكەی زۆر كەمەو ساڵانە دەگاتە نزیكەی (15) تۆن.

كەواتە بە گشتی بەهۆی بەركەوتنی هەسارۆكەكان ئەگەر بە مێژووی گۆی زەویدا بچینەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە كە بارستایی گۆی بەردەوام بە تێپەڕبوونی كات لە زیادبوونێكی كەمدا بووە.

لوقمان حەوێز – تەكساس

 

 

ئـ . كـ