لەبارەی مێجەر سۆن ئەمانە بزانن

12/03/2019 - 11:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

ئەگەرچی (مێجەر سۆن) بەناوی (غولام حوسێن شیرازی) لە وڵاتی ئێمە وەك سیخوڕێك وێنا كراوە‌و باسی كراوە، بەڵام ئەو یەكێكە لە‌و رۆژهەڵاتناس ‌و گەڕیدانەی كەخزمەتێكی گەورەی بەبوارەكانی ئەدەب ‌و رۆژنامەنووسی و خوێندن ‌و كلتوری كوردی كردووە.

(ئێلی بانستەر سۆن) كە بە (مێجەر سۆن) ناسراوە لە رۆژی (16 ی ئابی 1881) لە ئامێزی خێزانێكی دیارو دێرینی شاری كینگستۆنی بەریتانیا چاوی بۆ ژیان هەڵهێناوە، ساڵی (1898) بەپلەی شەرەف زانكۆی كامبرێجی تەواو كردووە.

سۆن هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای فێربوونی زمانە رۆژهەڵاتییەكانی بووە‌و هەربۆیە ساڵی (1902) سەردانی ئێران دەكات ‌و لەتاران وەك ژمێریار لەبەنكی شاهەنشاهی دادەمەزێ ‌‌و دواتر دەچێتە شاری شیراز‌و لەوێ‌ خۆی فێری فارسی ئەكات‌ و چوارینەكانی خەیام لەفارسییەوە بۆ ئینگلیزی وەردەگێڕێت.

ساڵی (1905) دەچێتە بوشەهر‌و لەوێ‌ لەسەر مەزهەبی جەعفەری بووە بەموسڵمان.

ساڵی (1906) وەك بەڕێوەبەری بەنك لە كرماشان خزمەتی كردووە‌و لەوێ‌ زۆر بەباشی خۆی فێری زمانی كوردی كردووە‌و زانیاری لەسەر كورد كۆكردۆتەوە.

ساڵی (1907) گەڕاوەتەوە بەریتانیا، دوای ئەوە گەشتە بەناوبانگەكەی لەئیستەنبۆڵەوە بەناوی (غوڵام حوسێن شیرازی) دەست پێدەكات ‌و هەموو پارچەكانی كوردستان بەسەر دەكاتەوە‌و زانیاری ورد لەسەر مێژوو جوگرافیا‌و داب و نەریتی گەلی كورد كۆدەكاتەوە‌و هەموو ئەوانە لەدوو توێی كتێبە بەناوبانگەكەی (گەشتێكی شاراوە بۆ وڵاتی میسۆپۆتامیا‌و كوردستان) لەساڵی (1912) بڵاوكردۆتەوە.

مێجەر سۆن ساڵی (1916) لەگەڵ سوپای ئینگلیزدا دەچێتە شاری بەسرەو لەوێ‌ رۆژنامەی بەسرە تایمز بەزمانەكانی ئینگلیزی ‌و عەرەبی ‌و فارسی دەردەكات.

ساڵی (1918) لەشاری بەغدا رۆژنامەی تێگەیشتنی راستی بەهاوكاری (شوكری فەزڵی) دەركردووە‌و رۆژنامەكە (67) ژمارەی لێدەرچووە.

ساڵی (1920) (مێجەر سۆن) كە حاكمی سیاسی ئینگلیز بووە لەسلێمانی چاپخانەیەكی لەو شارە داناوە‌و بەسەرپەرشتی خۆیان ‌و بەهاوكاری هەندێ‌ رۆشنبیری شاری سلێمانی رۆژنامەی (پێشكەوتن) یان دەركردووە.

رۆژنامەكە بایەخی بەبوارەكانی سیاسی‌ و كۆمەڵایەتی ‌و ئەدەبی ‌و رۆشنبیری‌و مێژوویی داوە‌و بەگشتی (118) ژمارەی لێدەرچووە.

سەرباری ئەوەی ئەم رۆژنامەیە لەلایەن ئینگلیزەكانەوە دەركراوە، بەڵام بایەخێكی زۆریشی بۆ گەلی كورد هەبووە، چونكە مێژووی رووداوەكانی ئەو سەردەمەی كوردستان ‌و ناوچەكەی تۆمار كردووە‌و گرنگی بەزمان‌ و ئەدەب ‌و مێژووی كورد داوە‌و بۆتە بەردی بناغەی چەسپاندنی رۆژنامەگەری لەناوچەی سلێمانی ‌و هەموو رۆژنامەكانی تر كە دوای پێشكەوتن دەرچوون سودیان لەئەزموون‌ و شێوازو ناوەرۆكی ئەو رۆژنامەیە وەرگرتووە.

بێجگە لەراژەكانی لەبواری رۆژنامەگەری، (مێجەر سۆن) بایەخیشی بە زمان ‌و ئەدەب ‌و فەرهەنگ ‌و رێزمانی كوردی داوە‌و (15) كتێبی بەنرخی لەو بوارانەدا پێشكەش بە نامەخانەی كوردی كردووە.

راستە (مێجەر سۆن) وەك كەسایەتییەكی سیاسی‌ و موخابەراتی بەریتانی خزمەتی بەسیاسەت‌ و ستراتیژی وڵاتەكەی كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێ‌ ئەوەش نادیدە بگیرێ‌ كە ئەو پیاوە خزمەتێكی زۆری بە رەوتی چاپەمەنی‌ و رۆژنامەنووسی‌ و ئەدەبی ‌و خوێندەواری ‌و رۆشنبیری كوردی كردووە.

لە بابەتێكی ماڵپەری خاكدا هاتووە، (مێجەر سۆن) لە (24) ی شوباتی (1923) لەدوای گەڕانەوەی لەچارەسەری پزیشكی لەتونسەوە بۆ وڵاتەكەی لەناو دەریا‌و لەسەر پشتی پاپۆڕ كۆچی دوایی كرد.

 

 

 

ئـ . كـ