يانزه گوند خرانە لیستی شوێنەوارە دێرینەكان

14/03/2019 - 09:14 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

بەرپرسی گشتی فەرهەنگی كوردستان رایگەیاند، چەند گوندێكی ناوچەی هەورامان لە دوو شاری سنەو سەوڵاوا لە خشتەی شوێنەواری نەتەوەیی ئێران تۆمار كراون.

(سەید ئەحسەن عەلەوی) لە كۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی تۆماری ئێران بە سەرۆكایەتی جێگری میراتی فەرهەنگی ئێران (11) گوندی پارێزگای كوردستان لە ناوچەی هەورامان تۆماری نەتەوەیی كران.

ناوبراو وتیشی، گوندەكانی (بێساران، تەنگی سەر، نییەر، دەل، دڵمەرز، دێوەزناو، ناو، كلجی، عەباس ئاوا، بڵبەرو كەماڵە) لە خشتەی شوێنەواری نەتەوەیی تۆمار كراون.

عەلەوی وتیشی: ئەو كارە پاش چەند مانگ هەوڵی كارناسانی بنكەی میراتی فەرهەنگی هەورامان و هاوكاری و پاڵپشتی ئیدارەی گشتی میراتی فەرهەنگی، پیشە دەستییەكان و گەشتیاری كوردستان گەیشتە ئاكام.

عەلەوی وتی: لەمەو بەدواو بە راگەیاندنی جێگری سەرۆك كۆمار بە پارێزگاری كوردستان پێكهاتەی مێژوویی ئەو گوندانە لە ژێر چاودێری و پاراستنی ڕێكخراوی میراتی فەرهەنگییەو هەر جۆرە دەستێوەردان یان كارێك كە ببێتە هۆی رووخان یان گۆڕانی شوناسیان بەپێی مادەكانی (558 – 569) ی یاسای سزا ئیسلامییەكان، بەتاوان دێتە ئەژمارو سزا یاساییەكان دەیگرێتەوەو چاك كردنەوەو بووژانەوەی شوێنەوار بە چاودێری و پشت ڕاست كردنەوەی ئەو ڕێكخراوە مومكینە.