بۆ یەكەم جار وێنەی كونە رەشەكە گیرا

11/04/2019 - 10:53 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

بۆ یەكەمجار زانایان سەركەوتووبوون لەوەی وێنەی كونێكی رەشی بۆشایی ئاسمان بگرن.

زانایان كە لە دەوری پرۆژەی تێلیسكۆپی ئاسۆی رووداوەكانی نێودەوڵەتی كۆببوونەوە، وێنەی چاڵێكی رەشی زەبەلاحیان بڵاوكردەوە كە دەكەوێتە نێوەندی گەلەئەستێرەی M87 و (53) ملیۆن ساڵی رووناكی لە زەوییەوە دوورە.

ئەو دیمەنەی كە زانایان لەرێگەی رادیۆ تێلیسكۆپەوە لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی جیهان و بە یەكخستنی تیشكەكانی ئێكس دروستیانكردووە، هاوكات لە پێنج شاری جیهان لەرێگەی كۆنگرەی رۆژنامەوانییەوە ئاشكرایانكرد.

لە وێنەكەدا ئەوە دەبینرێت ئەو رووناكییانەی دەچنە نێو رووبەری راكێشانی كونە رەشە گەورەكەوە، دەچەمنەوە.

وێنەكە وەك یەكەم وێنەی كونی رەش لە مێژووی زانستدا تۆماركرا.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا، ئەندامی بەرپرس لە لێكۆڵینەوە، زانست و داهێنان لە كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا، (كارلۆس مۆیداس) ئاماژەی بەوەكرد وێنەی كونە رەشەكە دۆزینەوەیەكی گەورەی زانستییە بۆ مرۆڤایەتی.