دۆلفینێك بە پشتێنی گوماناوی دەبیندرێت

30/04/2019 - 08:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

نەهەنگێكی سپی لە باكوری نەرویج بینراوە كە پشتێنێكی دروستكراوی ڕووسیای لێبەسترابوو، ئەمەش بۆتە جێی نیگەرانی كاربەدەستانی نەرویج لەوەی لە شوێنێكی سەربازی ڕووسیاوە هاتبێت.

(یۆگەر ڕی ویگ) لە بەڕێوەبەرایەتی ڕاوچیانی نەرویج وتی، لۆگۆی Equipment St. Petersburg" ی ڕووسیایی لەسەر پشتێنەكە هەیە كە بۆ بەستنی كامێرا لەسەری بەكاردەهێنرێت. 

وتیشی : ڕۆژی هەینی نەهەنگەكەیان بینیوەو ڕاوچیـیەك بە یارمەتی ئەو چۆتە ناو ئاوەكەو پشتێنەكەی لە نەهەنگەكە كردۆتەوە، باسی لەوەش كرد سەربازی وڵاتەكەی زۆر گرنگـیان بە مەسەلەكە داوە.

ڕۆژنامەی (ئافتنبۆستن) ی نەرویجی نووسیویەتی، پـێدەچێت سوپای ڕووسیا ڕاهێنان بەم جۆرە ئاژەڵە دەریایـیانە بكات.

جێگەی ئاماژەیە یەكێتی سۆڤێتی جاران بەرنامەیەكی تەواوی هەبوو بۆ ڕاهێنانی دۆلفین بە مەبەستی سەربازی، بەڵام لەگەڵ هەرەسهێنانی یەكێتی سۆڤێت كۆتایی بەو بەرنامەیە هات، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە ساڵی (2016) كاری بۆ كڕینی (5) دۆلفین دەكرد كە ددانەكانیان باش بن، بەڵام ڕوونی نەكردەوە بە ئامانجی چی.