مانگ چۆن دروست بووە ؟؟

03/05/2019 - 11:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

كۆمەڵێك لێكدانەوەمان هەیە لەئێستادا بۆ دروستبوونی مانگ و چۆنیەتی بوونی بە پاشكۆی گۆی زەوی،لەم نوسینە كورتە باس لە یەكێك لە بەهێزترین لەو لێكدانەوانە دەكەم.

بەپێی هەموو ئەو زانیاریانەی هەمانە خۆر نزیكەی (4.6) ملیار ساڵ پێش ئێستا دروست بووە، گۆی زەویش وەكو هەسارەكانی تر هەندێك زیاتر لە (4.5) ملیار ساڵ پێش ئێستا لە بەریەكەوتن و لێكدانی كۆمەڵێكی زۆر لە هەسارەی بچووكتر دروستبووە، لەهەمان كاتدا كۆمەڵێكی زۆر لە هەسارەی بچووكتر لە گۆی زەوی لە نێو كۆمەڵەی خۆر ماونەتەوە، بە تێپەڕبوونی كات ئەوانیش یان بەر هەسارە گەورەكانی تر كەوتوون یان هەندێكیان بوون بە پاشكۆی هەسارەی تری گەورەتر لەخۆیان بێ ئەوەی بەریان بكەون.

بەپێی بەهێزترین لێكدانەوە بەر لە پتر لە چوار ملیار ساڵ یەكێك لەو هەسارە بچووكانەی كۆمەڵەی خۆر كە قەبارەكەی نزیك بووە لە قەبارەی مەریخ و گەردوونناسان ئێستا پێێ دەڵێن (Theia) بەشێوەیەكی توندو تیژ بەر گۆی زەوی تازە لەدایك بوو كەوتووەو دوایی لەیەكتر جیابوونەتەوە، لە ئەنجامدا ژمارەیەك پارچەی ئێجگار زۆر لە هەردوو هەسارە جیابوونەتەوە بەبۆشاییدا بڵاوبوونەتەوە، دوایی زۆربەی ئەو پارچانە گەڕاونەتەوە سەر گۆی زەوی لەبەر زۆری هێزی كێشكردنی، هەندێكیش لەو پارچانە كە بەشێكیان بریتیبوون لەو ماگمایەی ناخی گۆی زەوی كەوتوونەتە سەر هەسارەی (Theia) كە لەئەنجامی بەریەكەوتنەكە بچووكتر بۆتەوەو دوایی بووە بە مانگ و لەم خولگەیەی ئێستا جێگیربووە، ئەمەش لەیەكچوونی زۆری پێكهاتەكانی مانگ بە پێكهاتەكانی گۆی زەوی ڕووندەكاتەوە.

لە ئەنجامی ئەم بەریەكەوتنەش تەوەری سوڕانەوەی گۆی زەوی لاربووەو خێرایی سوڕانەوەشی بەدەوری خۆیدا زۆرتر بووە، بێ گومان لەئەنجامی ئەو لاریەی گۆی زەوی وەرزەكان دروست دەبن و كەش و هەواش چاڵاكترە، لەبەر ئەوەی بەهۆی مانگەوە زەوی لاربووە، هەروەها هەڵكشان و داكشانی زەریاكان هەیە، بۆیە گەلێك جار دەووترێت مانگ نەبووایە ژیان لەسەر هەسارەی زەوی دروست نەدەبوو.

لوقمان حەوێز – تێكساس