لەبارەی ئەو زنجیرە درامایەی لەكەناڵی ئاسمانی سپێدە دادەبەزێت، ئەمانە بزانن

04/05/2019 - 09:13 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

هونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ دراما (زاهیر عەبدولڵا) بە یەكێك لە هونەرمەندە بە ئەزموونەكان هەژمار دەكرێت، ئەو زیاتر لە (40) ساڵ تەمەنی خۆی پێشكەشی هونەرەكەی كردووە، لەمیانەی لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی (هەولێر) تیشكدەخاتە سەر چەند لایەنێك لە كارە هونەرییەكانی، بەتایبەتی دوایین بەرهەمی نواندنی، كە بریتییە لە بەشداریكردنی لە زنجیرە درامایەكی تەلەفزیۆنی لە مانگی رەمەزانی پیرۆز لە رێگەی كەناڵی (سپێدە) نیشانی بینەران دەدرێت.

لە دەستپێكی قسەكانیدا هونەرمەند (زاهیر عەبدولڵا) لەبارەی ئاستی ئێستای درامای كوردی چۆن هەڵدەسنگێنێت ؟ وتی : درامای كوردی لە دێر زەمانەوە لەرووی چیرۆك و سیناریۆو نواندنەوە خاوەنی بەرهەمی باش و چاك بووە، لە ئێستاشدا ئەگەر بەرهەم هەبێت، بێگومان ئەو ئاستە بوونی هەیەو بگرە زیاتریشە !، بەڵام بەداخەوە نەبوونی بەرهەم وادەكات ڕەوشەكە بەرەو لاوازی بڕوات!، چونكە ئەگەر بەرهەم نەبێت بێگومان پێشكەوتن نابێت!، بۆیە ئاستی ئەكتەرانی كورد بە بەراورد لەگەڵ هونەرمەندانی وڵاتانی دەوروبەر ئەگەر زیاتر نەبێت، هیچی كەمتر نیە!".

هەر لەمبارەیەوە هونەرمەند لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەوەشی وت : درامای كوردی لە ئێستادا لەرووی بەرهەم هێنانەوە ئاستێكی لاواز بووە، ئەگەرنا لە رووی ناوەرۆك و سیناریۆ توانای باشمان هەیە، بەڵام بەداخەوە كەناڵەكان بەگشتی روویان لە درامای (توركی، فارسی، كۆری و هیندی) كردووە!، كە ئەوەشیان كاریگەرییەكی ئاوای دروست كردووە، درامای كوردییان لە بیری خەڵكی بردۆتەوە!، ئومێدەوار نەبووین ئێمەی هونەرمەندانی بواری دراما لەدوای (28) ساڵ لە حكومرانی خۆماڵی و هەبوونی (40) كەناڵی ئاسمانی و نزیكەی (100) كەناڵی لۆكاڵی كەچی درامای كوردی ئاوا بێكەس و بێ نەوا كەوتووە!، كە تەنها لەمانگی رەمەزانی پیرۆزدا وەك پاقڵاوەو شەربەتی مێوژو ناوساجی دێتەوە بەرچاوی بینەران.

لەبارەی بەشداری كردنی لە زنجیرە درامایەكی تازەی كوردی هونەرمەند (زاهیر عەبدولڵا) وتی : ئەو درامایە لە ژێر ناوی (یوسف ناگەڕێتەوە) یەكێكە لەدەقە جوانەكانی نووسەری بە توانا (عەزیز نەسین)ە، سیناریۆو دەرهێنانی لەلایەن هونەرمەند (لوقمان غەریب) كاری بۆ كراوە، بەرهەمی كەناڵی (سپێدە) یە، وابڕیارە لە مانگی رەمەزانی ئەو ساڵ نیشانی بینەران بدرێت، بەرهەمێكە لەڕووی ناوەرۆك و دەرهێنان و كاری وێنەگرتنەوە هەنگاوێكی تازەیە لە قۆناغی ئێستای درامای كوردی، من زۆر دڵم بەو درامایە خۆشە، بەتایبەتی ئەو ساڵ بوو بە تاقانە بەرهەمی درامای كوردی، كە لەمانگی رەمەزان بینەرانی كورد پێی شاد دەبن!.

لەبارەی بەشداربووانی ئەكتەرانی هەولێرو سلێمانی و كەركوك لەو درامایە بەشێوەیەكی بەرچاو، روونی كردەوەو وتی : یەكێك لەخاڵە هەرە باش و سەركەوتنەكانی نێو ئەو درامایە ئەوە بوو، ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرمەندانی (هەولێر، سلێمانی، كەركوك و گەرمیان) بەشدارییان كردووە، كە ئەوە هەنگاوێكی یەكجار پێویستە هونەرمەندانی كورد لە یەكتری نزیك ببنەوە، دیارە ئەو هەنگاوەش لەلایەن كۆمپانیای (بابیلۆن میدیا) و (ناوەندی هونەر گاڤـ) كاری لەسەر كراوە لە ئێستاش و رابردووشدا، بە هەموو شێوەیەك ئەو هەنگاوانە دەبێتە مایەی سەركەوتنی بەرهەمەكەو پڕ بینەری دراماكە، من و هونەرمەندانی هاوڕێم (عەلی ئەحمەدو فەیسەڵ موحەمەد) بەشدارییمان لەو درامایە كرد، كاری وێنەگرتنەكەش ئەگەرچی لە شاری سلێمانی بوو، بەڵام ئێمە بەو پەڕی خۆشەویستیەوە بەشدارییمان كرد، ئومێدم وایە دراماكە سەركەوتنێكی بەرچاوی هەبێت.