هونەرێكی جوانی كوردی نێونیشانی جیهانی وەردەگرێت

08/05/2019 - 09:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

هونەری ڕەسەن و ناوچەیی ناسك‌ كاری لە پارێزگای كوردستان نیشانەی جوگرافیای نێودەوڵەتی وەك گرینگیدانێكی جیهانی بەو هونەرەو جوگرافیای بەرهەم هاتنی، پێبەخشرا.

بەڕێوەبەری گشتی میراتی فەرهەنگی، پیشەی دەستی و گەشتیاری كوردستان رایگەیاند، ئەو نیشانە برێندێكی جیهانییەو لەوە بە دوا هونەری ناسك‌ كاری كوردستان بەهرەمەند دەبێ لە یاساكانی پاڵپشتی خاوەنداریی مەعنەوی جیهانی.

(سەید موحسین عەلەوی) ئاماژەی بە هەنگاوە هەڵگیراوەكان لەو بوارەداو وتیشی: دۆسیەی تۆماری جیهانی نیشانەی جوگرافیایی نێودەوڵەتی ناسك‌ كاریی سنە لە ساڵی رابردوەوە لەلایەن ئیدارەی گشتیی میراتی فەرهەنگی، پیشەی دەستی و گەشتیاری كوردستان ئامادە كراوەو خراوەتە كاری رۆژانەوە.

ناوبراو سەبارەت بە نیشانە جوگرافیایی نێودەوڵەتی ڕوونی كردەوە: ئەو نیشانە بەو كاڵایانە دەدرێت كە لە ناوچەیەكی جوگرافی تایبەتی بەرهەم دێت و كوالێتی و ناوبانگی بەو ناوچەیە بەستراوەتەوەو هاوكات دەبێتە مایەی بەرجستە بوونی نەریت و لێهاتوویی بەرهەم هێنانی لەو جوگرافیایە.

هونەری ناسك‌ كاری بە ڕووكەش كردنی گەڵاڵەو نەخشگەلێك دەوترێت كە لە سەر داری جەنگەڵی دادەڕێژرێت و زیاتر لە یەك سەدەو نیوە هونەرمەندانی شاری سنە لەو بوارەدا چاڵاكن و بە وتەی مامۆستایانی هونەری ناسك‌ كاری، مامۆستا (نیعمەتولڵا نێعمەتیان) بنیاتنەری ئەو هونەرە لە شاری سنە بووە.

تەختەنەرد، گۆچان، جانتای ژنان، كورسی قورئان، مێزی شەترەنج، قەڵەمدان، قاپی وێنە، قوتووی خشڵ و جەواهێر، تەپڵەك و جێ جگەرە، ڕوو مێزی، خشلی وەك ملوانكە، ئەنگوستیلەو ... بەشێكن لە بەرهەمەكانی هونەری ناسك‌ كارانی سنەیی.