ئاشتكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی له‌ مانگى ره‌مه‌زان و كۆتایی هێنان به‌ گرژییه‌كانیان

08/05/2019 - 11:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

ئاشتبوونه‌وه‌ له‌ مانگى ره‌مه‌زان دڵه‌كان پاكده‌كاته‌وه‌ ، ئه‌م مانگه‌ش ده‌رفه‌تێكى گه‌وره‌یه‌ بۆ كۆتایى هێنان به‌ ناكۆكییه‌كانى نێوان خه‌ڵكى و خزمان و دروستكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى و هاتوچۆ ، له‌گه‌ڵ وه‌لانانى گرژى و توڕه‌یی ، هه‌روه‌ك ده‌رفه‌تێكى زۆر جوانیشه‌ بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ خواى گه‌وره‌ له‌ رێگه‌ى ئیسڵاح و چاكه‌كارى له‌ نێوان خه‌ڵكى .

پسپۆڕانى په‌روه‌رده‌یى ده‌ڵێن " ئه‌گه‌ر چاكه‌كارى و ئیسڵاح له‌ نێوان خه‌ڵكى كارێك بێت له‌ هه‌موو كاتێك خۆشه‌ویست بێت ، به‌ڵام له‌ مانگى پیرۆزى ره‌مه‌زان زۆر خۆشه‌ویستره‌ ، چونكه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ كۆتایى هێنان به‌ گرژى و ناكۆكى ، له‌ گه‌وره‌یى و باشى چاكه‌كردن له‌ نێوان خه‌ڵك و ئاشتكردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى له‌گه‌ڵ یه‌كتر ، ده‌بێته‌ هۆى دڵنه‌وایى و هێمنى و سه‌قامگیرى و ئارامى و دروستكردنى خۆشه‌ویستى و رازى بوون ، خواى گه‌وره‌ش له‌ رۆژى دواییه‌ به‌زه‌یى و ره‌حمه‌ت و میهره‌بانى بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئیسڵاح له‌ نێوان خه‌ڵكى ده‌كه‌ن " .

پێغه‌مبه‌رمان (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ده‌فه‌رمووێت :" ما عمل ابن آدم شيئاً أفضل من الصلاة، وصلاح ذات البين، وخلقِ حسن " واتا " نه‌وه‌ى ئاده‌م هیچ شتێكى باشترى ئه‌نجامنه‌داوه‌ له‌ نوێژ و ئیسڵاحكردن له‌ نێوان خه‌ڵكى و ره‌وشت به‌رزى " .

بوارى ئیسڵاح و چاكه‌كردنیش له‌ نێوان خه‌ڵكى زۆرن ، ده‌كرێت چاكه‌كردن و ئیسڵاحكردن بێت له‌ نێوان تاكه‌كان یان له‌ نێوان كۆمه‌ڵێك كه‌س ، له‌ نێوان كارگێرى و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ده‌زگایه‌ك له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌ره‌كانى ، له‌ نێوان هاوسه‌ران و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ جیاوازه‌كانى نێوانیان ، چاره‌سه‌ركردنى حاڵه‌ته‌كانى ته‌ڵاق و جیابوونه‌وه‌ ، دروستكردنه‌وه‌ى هاتوچۆ له‌گه‌ڵ خزمان كاتێك پێشتر پچڕابوو ، پێكهێنانه‌وه‌ و ئاشتكردنه‌وه‌ى دراوسێیه‌كان و ..هتد .