ترامپ كوردێك خەڵات دەكات

12/05/2019 - 08:58 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

(شاهۆ سەعید) مامۆستا لە زانكۆی پەنسلڤانیای ئەمریكا خەڵاتی (هیوبێرت ئێچ هامفری) لەلایەن (دۆناڵد ترامپ) سەرۆكی ئەمریكاو (مایك پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە پێ بەخشراوە.

شەوی ڕابردوو، (د. شاهۆ سەعید) لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە لەلایەن سەرۆكی ئەمریكا (دۆناڵد ترامپ) و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا (مایك پۆمپیۆ) بە بڕوانامەی (هیوبێرت ئێچ هامفری) خەڵات كرام.

ئەم خەڵاتە ساڵانە لەلایەن كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوی ئەمریكاوە دەبەخشرێتە دەستەبژێرێك لە كەسایەتییە ئەكادیمی و كاریگەرەكان لەسەر ئاستی جیهان.

(د.شاهۆ سەعید) لە مانگی پێنجی ساڵی (2018) بە زەمالەی (هەمفری فیلو) كە یەكێكە لە باڵاترین زەمالە ئەكادیمی و پیشەییەكان لە ئەمریكا، لە زانكۆی پەنسلڤانیا وەرگیراوە، هاوكات ڕاوێژكاری بیركردنەوەی ڕەخنەیی بووە لە ئینستیتوتی شرایەر.

پرۆژەكەی (د. شاهۆ سەعید) بریتی بووە لە گەشەدان بە بیركردنەوەی ڕەخنەیی لە بواری پەروەردەو فێركردندا، چوارچێوەی گشتی پرۆژەكە بریتییە لە پلان و سیاسەتی پەروەردەیی، كە لەسەر ئاستی هەموو جیهان تەنها (10) كەس و لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها یەك كەس وەرگیراوە.

شاهۆ سەعید لە ساڵی (1970) لە سلێمانی لەدایك بووە، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە ئەدەب و زمانی عەرەبیدا، مامۆستا بووە تا پلەی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكان، خاوەنی ژمارەیەك كتێب و نووسین و وەرگێڕانە بە هەردوو زمانی كوردیی و عەرەبی.