پەیكەرەكانی بودا لەئەفغانستان چاك دەكرێنەوە

13/05/2019 - 09:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

تیمێكی هاوبەشی نێودەوڵەتی و ئەفغانی سەرقاڵی چاككردنەوە‌و نۆژەنكردنەوەی پەیكەرەكانی بودان لە ئەفغانستان كە لەسەردەمی تاڵیباندا تێكشكێنران و لە ناوبران.

كاتێك بزووتنەوەی تاڵیبان لە ساڵی (1996) دا لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتەدەست، چەندین شوێنەواری وێران كرد.

لەو چوارچێوەیەدا ئەو ڕژێمە فەرمانیكرد هەموو پەیكەرە مێژوویی و شوێنەوارییەكان لەناوبەرێت كە بەبڕوای بزووتنەوەكە ئەو پەیكەرانە نیشانەو زیندووكەرەوەی سەردەمی بتپەرستی بوون.

لەدوای ڕووخانی ئەو رژێمەش لە ساڵی (2002) دا تیمە نێودەوڵەتییەكان ‌و پسپۆڕانی ناوخۆیی شوێنەوار لە ئەفغانستان هەڵمەتێكیان دەستپێكردووە بۆ چاككردنەوەو نۆژەنكردنەوەی ئەو شوێنەوارانەی كە تێكدراون یان شێوێندراون یان لە ناوبراون.

یەكەم كاری ئەو تیمە هاوبەشە چاككردنەوەو نۆژەنكردنەوەی تابلۆی كۆمەڵە پەیكەری بودایە كە یەكێك بووە لە شوێنەوارە هەرە بەناوبانگەكان لە ئەفغانستانداو بەشێك بوون لە مێژوو و كەلەپوری دێرینی ئەو وڵاتە.

شوێنەوارناسانی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەدەن كە پێشترو لە كۆندا ئەفغانستان پێگەیەكی بودایی دیار‌و بەرجەستەی هەبووە‌و ناوچەیەكی بەناوبانگیش بووە بەو پێیەی كەوتووەتە سەر ڕێگەی بازرگانی ئاوریشم.

لەسەردەمی بزووتنەوەی تاڵیباندا ئەو تابلۆی كۆمەڵە پەیكەرە لەلایەن چەكدارانی تاڵیبانەوە بەچەكوش تێكشكێنراوە و وردو خاش كراوە، بەڵام لە كاتی خۆیدا لەلایەن دڵسۆزان و خەمخۆرانی شوێنەوارەوە كۆكراوەتەوە و لە شوێنی نهێنیدا پارێزراوە. ئێستاش ئەو تیمە هاوبەشە سەرقاڵی دووبارە پێكەوە لكاندنی پارچەكانی ئەو تابلۆ پەیكەرەن كە پارچەكانی نزیكەی (7000) پارچەی وردو گەورەیە.

(نەجیبولڵا ئەسەدی) نۆژەنكەرەوە لەمۆزەخانەی كابۆل دەڵێت، كاتێك زانیم ئەو پەیكەرانە تێكدراون، خەمباربووم و دڵتەنگ بووم، وامزانی ئەوە خۆمم تێكشكێنراوم و پارچەپارچەكراوم، چونكە ئەو شوێنەوارانە بە تەنها هی ئێمە نییە، بەڵكو هی جیهانیشە.

ئەسەدولڵا دەڵێت، ئەو پەیكەرانە ڕۆژگارێك بوو سومبولی شارستانییەتی دەوڵەمەندی ئەفغانستان بوون، دوای تێكشكاندنیشیان بوونە شاهێدی تووندڕەوی ڕژێمی تاڵیبان.