پەنجە مۆر بۆ ناسینەوە كەی بەكارهات ؟؟

17/05/2019 - 09:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

رۆژنامەی (دەیلی مێڵ) بڵاویكردۆتەوە، لەساڵی (1903) تۆمەتبارێك بەناوی (وێڵ ویست) گەیشتە بەندیخانەی چاكسازی لیفینۆرس لە ویلایەتی (تێكساس) ی ئەمریكا، وەك هەر تۆمەتبارتێكی ئاسایی دیكە، (وێڵ ویست) چووە لای كارمەندی بەندیخانەكە بۆ تەواوكردنی رێوشوێنی چوونە نێو بەندیخانەكە.

ئەو كارمەندە كە ناوی (ماكلاوری) بوو، سەری سوڕما كاتێك چاوی بە (وێڵ ویست) كەوت، ماكلاوری، پێیگوت تۆ پێشتر بەندكراوی لێرە، (وێڵ ویست) یش، لە وەڵامدا وتی: نەخێر، بەڵام ماكلاوری، باوەڕی نەدەكرد، بەپەلە چووە تۆماری بەندكراوەكانی هێناو وێنەی تۆمەتبارێكی دیكەی دەرهێنا بەناوی (ویڵیام ویست) و وێنەكەی پێشانی (وێڵ ویست) دا، ماكلاوری وتی: من لەو باوەڕەدام تۆم بینیوە، (وێڵ ویست) دوای تەماشاكردنێكی قووڵ و دوورو درێژ خۆشی سەری سوڕماو وتی، ئەوە وێنەی منە، من پرسیاری ئەوە دەكەم چۆن ئەو وێنە گەیشتە ئێرە.

ماكلاوری، دەستیكرد بە پێداچوونەوەو وەرگرتنی كێش و درێژی باڵا بۆ هەردوو تاوانبارەكە بەشێوازی (بێرتلۆن) كە شێوازێكی كۆنە، ماكلاوری، سەری سوڕما هەردوو تاوانبار هەمان تایبەتمەندی یەكترییان هەیە، دەركەوت بەندكراوێكی دیكە كە پێش دوو ساڵ لەو بەندینخانە بەندكرابوو كۆپییەك بوو لە وێڵ ویست، ناویشی (ویڵیام ویست) بووە.

(وێڵ ویست) دەستكیرد بە سوێند خواردن وتی، من ئەو كەسە نیم، دوای پێداچونەوەیەكی دوورو درێژو سەرباری سەرسوڕمانی ماكلاوری و ئەو لێكچوونە تەواوەتییە، دەركەوت كە ئەم دوو تاوانبارە جیاوازن.

چیرۆكی (وێڵ و ویڵیام) خراپی كەموكووڕیی شێوازی (بێرتلۆن) ی دەرخست بۆ ناسینەوەی تاوانبارەكان، بۆیە ئیدارەی ئەو بەندیخانە دەستیانكرد بە بیركردنەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی زۆر گونجاو و لێهاتوو بۆ ناسینەوەی كەسەكان، لەكۆتاییدا و لەساڵی (1904) حكومەتی ئەمریكا بڕیاریدا پەنجەمۆر بەكاربهێنێت بۆ ناسینەوەی كەسەكان كە لەو كاتەوە زۆر سەركەوتووە.

جێگەی باسە، شێوازی پەنجەمۆر لەساڵەكانی سەدەی (18) ی رابردوو بەكارهاتووە، بەڵام تەنها بۆ واژوو بووە، نەوەك بۆ ناسینەوەی دەرئەنجامەكانی ئەم زانستە مەزنە.