تێپەڕبوونی هەسارەی عەتارد بەپێش خۆر

17/05/2019 - 09:35 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

هەسارەكانی كۆمەڵەی خۆر بە بەردەوامی بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، خولگەكانی هەردوو هەسارەی عەتاردو ڤینۆس دەكەونە دیوی ناوەوەی خولگەی زەوی، چونكە نزیكترن لە خۆر، لەبەر ئەم هۆكارە لە دیدو ڕوانگەی ئێمەی مرۆڤەوە لەسەر گۆی زەوی جار جارە هەردوو هەسارە بە پێش خۆردا تێدەپەڕن لە دیاردەیەكی گەردوونی بێ وێنەو جوان و دەگمەن كە پێی دەگوترێت گواستنەوە یان پەڕینەوەی هەسارەكان بە پێش خۆر.

ئەم دیاردەیە، واتە تێپەڕبوونی هەسارەی عەتارد بەپێش خۆر لە دیدی ئێمە لەسەر گۆی زەوی لە سەدەیەكدا (13) جار ڕوودەدات، بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە تێپەڕینی هەسارەكە بە پێش خۆر سێ‌ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ئاژانسی ناسا تۆمار كراوە، پەڕینەوەكە ماوەی نزیكەی حەوت كاتژمێرو نیوی خایاند، واتە عەتارد بە حەوت كاتژمێرو نیو بە پێش خۆردا تێپەڕی. 

سەرنجی بچووكی هەسارەی عەتارد بدەن بە بەراورد بە خۆر، لاتان سەیر نەبێت هەسارەی عەتارد بۆ ئەوەندە بە بچووكی دەردەكەوێت بەبەراورد بە خۆر، بارستایی خۆر پتر لە (98%) ی بارستایی هەموو كۆمەڵەی خۆر پێك دێنێت، واتە بە هەموو هەسارەو هەسارۆكەكانی ناو كۆمەڵەی خۆر بارستاییەكەیان لە (2%) ی بارستایی كۆمەڵەی خۆر تێپەڕ ناكات.

لوقمان حەوێز – تێكساس