لەزگەیەكی زیرەك دروستكرا، جەستە لە هەستكردن بە گەرما و سەرما دەپارێزێت

22/05/2019 - 09:54 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

زانایان لە ویلایەتە یەكگرتووەكان لەزگەیەكی زیرەكیان دروست كردووە كە دەخرێتە سەر پێست و وادەكات جەستەی مرۆڤ لە پلەیێكی گەرمیی مامناوەندیدا بمێنێتەوە بە جۆرێك هەست بە سەرما و گەرما نەكات.

 

ماڵپەڕی "تیك ئیكسپلۆر"ی ئەمەریكی ئاماژەی بەوه ‌كردووە كە ئەو لەزگەیە لەلایەن كۆمەڵێك زاناوە لە زانكۆی كالیفۆرنیا لە شاری سان دێیگۆ داهێندراوە و مەبەستیان لە دروست كردنیشی ئەوە بووە كە بتوانن جەستە گەرم بكەنەوە یان فێنكی بكەنەوە بۆ ئەوەی لە پلەیێكی گەرمیی نموونەییدا بمێنێتەوە.

 

ئەو ئامێرە كە ڕووبەرەكەی پێنج سانتیمەتر دەبێت وەك ڕێكخەری پلەی گەرمی جەستە كار دەكات و دەتوانرێت لە ماڵەوە یان لە شوێنی كار و تەنانەت لە كاتی جووڵەشدا بەكار بهێندرێت.

 

ئەو گرووپە ئەمریكییە باسیان لەوەش كردووە كە ئەم ئامێرە پاتریەكی نەرمی تێدایە كە توانای نووشتانەوەی هەیە و یارمەتیدەرە لە دروست كردنی وزەی پێویست بۆ ئامێرەكە تا بتوانێت جەستە گەرم بكاتەوە یان فێنكی بكاتەوە.

 

لەوبارەیەوە پرۆفیسۆر ڕینكۆن چن سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە وتی: ئەم جۆرە ئامێرانە دەكرێت پلەی گەرمی جەستە باشتر بكەن لە كەشی گەرم یان سارددا.

 

لەلایێكی دیكەوە دكتۆر‌ ساهنلی هۆنگ كە بەشدار بووە لە توێژینەوەكەدا وتی: لەزگەیەكی بچووك كە دەتوانیت لەژێر جلەكانت یان لە سەر جلەكانت دابنێیت و هەموو بەشەكانی جەستەت گەرم دەكاتەوە یان فێنكی دەكاتەوە وەكوو پشت، مل، قاچەكان و دەستەكان لە ماوەیێكی كەمدا.

 

له ‌كاتی بەرەوپێشبردنی ئەم ئامێرەدا زانایان كردیانە ناو شریتێكەوە كە دەتوانرێت بەهۆیەوە لە مەچەك بكرێت و بینیان لە ماوەی دوو خولەكدا پلەی گەرمیی جەستەی دابەزاند و لە هەستی گەرمابوون ڕزگاری كرد.

 

 

 

س ب