دوو وڵاتی تر كڕینی نەوتی ئێرانیان راگرت

24/05/2019 - 12:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

لە چوارچێوەی پابەندبوون بە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، دوو وڵاتی تر ڕاگرتنی كڕینی نەوتیان لە تاران راگەیاند.

لە میانی سەردانەكەی (یاوز سەلیم) بریكاری وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ واشنتۆن، بەرپرسێكی یاوەری ناوبراو رایگەیاندووە، وڵاتەكەیان پابەندی سزاكانی ئەمریكایە بۆ سەر ئێران، بۆیە لە سەرەتای ئەم مانگەوە كڕینی نەوتیان لە ئێران راگرتووە، ئەگەرچی بڕیارەكەشیان بە دڵ نەبووە.

ئەو بەرپرسە راشیگەیاندووە، توركیا خۆی بە هاوپەیمانێكی ستراتیژی ئەمریكا دەزانێ، بۆیە ڕێز لە سزاكانی واشنتۆن بۆ سەر ئێران دەگرێ و پابەندی دەبێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا هیندستان رایگەیاندووە، كڕینی نەوتیان لە ئێران راگرتووە، ئەوەش وەك پابەندبوونێك بە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران.

جێگەی باسە ئەمریكا ڕێپێدانی بە هەشت وڵات دابوو كە تا رۆژی دووی ئایار دەیانتوانی مامەڵە لەگەڵ ئێران بكەن، یەكێك لەو وڵاتانە توركیاو هیندستان بوون، بەڵام لە سەرەتای ئایارەوە ئیتر ڕێپێدانەكە كۆتایی هات.