منداڵ چۆن یاری بكات ؟؟

01/06/2019 - 09:05 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/هەمەڕەنگ

 

 

ئەم شێوازە ڕێنماییە‌ یەكێكە لە شێوازە زۆر باش و كاریگەرەكانی ڕەوتی ڕێنمایی دەروونی،‌ ڕێنمایكار (توێژەر) دەتوانێت لەگەڵ ڕێنماییخوازەكانی (كەیسەكانی) سوودی لێ وەربگرێت، لەم بابەتەدا هەوڵدەدین هەندێ زانیاری لەسەر ئەم جۆرەی ڕێنماییە بخەینە ڕوو.

سەرەتا چەند پێناسەیەكی یاری دەخەینە‌ڕوو، دواتر باسی بابەتەكە بەدرێژی دەكەین.

ئەدلەر بەم شێوەیە پێناسەی یاری دەكات و دەڵێت: (یاری بریتییە لە پێداویستیەك لە پێداویستیەكانی قۆناغی منداڵی، منداڵ لە رێگا‌ی چاڵاكیە جەستیەییەكانەوە ئەم پێداویستیە تێر دەكات).

هەروەها (لوسیل) دەڵێت: یاری بریتییە لەو چاڵاكیانەی منداڵ ئەنجامی دەدات، بۆ گوزارشت كردن لە خودو تێركردنی پێداویستیەكانی، ئەم چاڵاكیانە دەبنە هۆی گەشەی كەسایەتی تاك، بۆ ژیانی داهاتووی ئامادەی دەكات.

دەتوانرێت لە ڕێگەی ڕێنمایی بەیاری لایەنە كپكراو دەرنەبڕدراوەكانی منداڵ یان ڕێنمایخواز دیاری بكەین، لە رێگە‌ی یارییەوە ئاست و گەشەی هەڵچوونەكان و ململانی و ناكۆكیەكانی خودی منداڵ لەگەڵ خۆی و دەوروبەرەكەی دەتوانرێت دیاری بكرێت، ڕۆڵی ڕێنمایكار لە ڕێنمایی بە یاری پەیوەستە بە خودی كێشەو یارییەكە، جاری وا هەیە دەبێت ڕێنمایكار لەگەڵ یارییە بەشدار بێت، بەڵام جاری واش هەیە تەنها دەبێت تێبینی ڕێنمایخوازەكە بكات بۆ زانیاری كۆكردنەوە.

دەگو‌نجێ بڵێین ڕێنمایی یاری باشترین و گونجاوترین رێگە‌یە بۆ ئەوەی بتوانین دەستنیشانی كێشەكانی منداڵی پێ بكەین، لەگەڵ ئەوەی رێگە‌یەكی باشە، بەڵام دەبێت هەندێ خاڵ‌ لەبەرچاوی بگرین، بۆ ئەوەی بگەین بە ئامانجەكان: 

1. دەبێت ڕەچاوی لایەنی گەشەی ڕێنمایخواز (تاك) بكرێت.

2. دابینكردنی ژمارەیەك لە یاری جۆراوجۆرو ڕەنگاو ڕەنگ.

3. دەبێت یارییەكان بە شێوەیەك بن لە كاتی یاری پێكردن نەبێتە هۆی ئازار گەیاندن بە منداڵەكە.

4. دەبێت ئەم یارییە لە ژوورێكی ئامادەكراوی تایبەت بە ڕێنمایی منداڵ بێت.

5. دەبێت ڕەچاوی ڕەگەزی منداڵەكە بكرێت بۆ هەڵبژاردنی یارییەكان، چونكە هەر ڕەگەزێك تایبەتمەندی و سیفاتی خۆی هەیە، بۆ نموونە ڕەگەزی نێر زیاتر مەیلی بە لای یاریەكانی (ڕێكخستن) دەچێت بۆ ئەو یارییانەی‌ پێویستی بە هێزو بازوو هەیە ... هتد، بەڵام ڕەگەزی مێ زیاتر حەزی لە یارییەكانی (ناوماڵ، ئیشوكارەكانی ماڵ، بوكێنەو بووكە شووشە) هەیە.

شێوازەكانی ڕێنمایی بە یاری:

• یاری سەربەست: ئەو رێگە‌یە دیاریكراو نییەو ئازادی منداڵ پشتگوێ ناخات لە هەڵبژاردنی ئەو یاریانەی دەیەوێت، ئەو ڕێگەیە ئەو ڕێگایانەش لە منداڵ زەوت ناكات كە دەیەوێت یاری بكات، دەبێت دوور لە‌هەڕەشەو سەرزەنشت كردن یان چاودێری یان سزا دانی منداڵ بێت.

• یاری دیاریكراو: ئەو جۆرە یارییە لەلایەن ڕێنمایكارەوە دیاری دەكرێت، ڕێنماییكار خۆی جۆری یاری و كەلوپەلەكان دیاری دەكات، لەگەڵ گەشەی منداڵەكە بگونجێت، بۆ ئەوەی بتوانێت چاڵاكی و لێك نزیكی واقیعی لەگەڵ یاریەكە بكات.

• یاری لە رێگە‌ی ڕێنمایی ڕەفتاری: ئەم ڕێگەیە لەم حاڵەتانە ئەنجام دەدرێت كە (حاڵەتێكی ترسان هەیە لە ئاژەڵێكی دیاریكراو) تاكو بتوانێت بە شێوەیەكی هەنگاو بە هەنگاو ترسی منداڵەكە لە ئاژەڵەكە كەم بكرێتەوە.

سوودەكانی ڕێنمایی بە یاری:

• گونجاوتریت رێگە‌یە بۆ ڕێنمایی منداڵ.

• بۆ لایەنی دیاریكردن و فێركردن بەسوودە، لەهەمان كاتیشدا چارەسەرە.

• هاوكاریكردنی منداڵ لەسەر بینینی رێگە‌ی گونجاوی تەمەنی.

• دەرفەتدان بە منداڵ تاكو ببێتە دەرچەیەك بۆ هەڵچوونەكان و كەمكردنەوەی تەنگژەكانی.

• دەرفەتێكی هاوبەش بۆدایك و باوك دەرەخستێنێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێنماییكارەكە لە پڕۆسەی ڕێنماییەكەدا‌ بەشدار بن.

دانا سەلام – هەولێر