روسیا وەڵامی ئەردۆگان دەداتەوە

15/06/2016 - 17:06 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

دوای ئەوەی هەریەكە لە سەرۆك كۆماری توركیاو سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە پیرۆزبایی رۆژی نیشتیمانیان لە روسیا كرد، وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا وەڵامی نامەی پیرۆزباییەكەی دایەوەو هیوای ئاساییبونەوەی پەیوەندیەكانی خواست لەگەڵ توركیا .


دیمیتری پێسكۆڤ، وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی رووسیا (كریملین) لەپێس كۆنفرانسێكدا وەڵامی نامەی پیرۆزباییەكەی سەرۆك كۆماری توركیای دایەوەو ووتی: دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا ئاساییبكەینەوەو بگەرێینەوە بۆ سوودمەندی و بەرژەوەندیەكانی نێوان هەردوولا، بەڵام پێویستە توركیا هەنگاوی پێویست بنێت بۆ ئەم مەبەستە .

وتەبێژەكەی كۆشكی كریملین وتیشی: تا ئەو كاتەی توركیا هەنگاوی پێویست نەنێت، پەیوەندییەكان ئاسایی نابێتەوە .

جێی باسە دوێنێ 14/6 ررۆژی نیشتیمانی روسیا بوو كە تێیدا رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیاو بیناڵی یڵدرم، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە نامەی پیرۆزباییان ئاراستەی سەرۆكی روسیاو سەرۆك وەزیران و هاوڵاتیانیان كرد .

پەیوەندیەكانی نێوان توركیاو روسیا گرژی و تێكچونی تێكەوت دوای ئەوەی فرۆكەیەكی روسی لە رۆژی 24/11/2015 لەلایەن توركیاوە خرایە خوارەوەو تێكشكێندرا بەهۆی ئەوەی خاكی توركیای بەزاندبوو .

م. كانی