هاوسه‌ری‌ هێرشبه‌ره‌كه‌ی‌ شاری‌ ئۆرلاندۆی‌ ئه‌مریكا ده‌ستگیر كرا

16/06/2016 - 03:04 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

نور سه‌لمان، هاوسه‌ری‌ عومه‌ر مه‌تینی‌ هێرشبه‌ری‌ سه‌ر یانه‌ شه‌وانه‌كه‌ی‌ شاری‌ ئۆرلاندۆی‌ ئه‌مریكا له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.


به‌ پێی‌ ڕاپۆرتێكی‌ فۆكس نیوز، نور سه‌لمان هاوسه‌ری‌ عومه‌ر مه‌تین هێرشبه‌ری‌ سه‌ر یانه‌ شه‌وانه‌كه‌ی‌ شاری‌ ئۆرلاندۆی‌ ئه‌مریكا كه‌ بوه‌ هۆی‌ كوژران و برینداربوونی‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س به‌هۆی‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ هێرشه‌كه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

فۆكس نیوز ئاشكراشی كردوه‌، داواكاری‌ گشتی‌ چه‌ند گه‌وره‌ لێكۆڵه‌ره‌وه‌یه‌كی‌ دیاری كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نور سه‌لماندا بكه‌ن. تۆڕی‌ فۆكس نیوز ڕاشیگه‌یاند، نور سه‌لمان به‌ پۆلیسی‌ ڕاگه‌یاندوه‌، هه‌وڵیداوه‌ ده‌رباره‌ی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ سه‌ر یانه‌ی‌ پاڵس قسه‌ له‌گه‌ڵ عومه‌ری‌ هاوسه‌ریدا بكات.


له‌ ڕاپۆرته‌كه‌یدا فۆكس نیوز ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ داواكاری‌ گشتی‌ هه‌وڵده‌دات 24 تۆمه‌تی‌ كوشتن و 53 تۆمه‌تی‌ پلاندانان بۆ كوشتن ئاراسته‌ی‌ نور سه‌لمان بكات له‌گه‌ڵ تۆمه‌تی‌ ئاگادارنه‌كردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌ هێرشه‌كه‌.

به‌ پێی‌ چه‌ند ڕاپۆرتێك نور سه‌لمان هاوڕێیه‌تی‌ عومه‌ر مه‌تینی‌ هاوسه‌ری‌ كردوه‌ له‌ كاتی‌ كڕینی‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیداو پێشتریش له‌گه‌ڵیدا سه‌ردانی‌ یانه‌ی‌ پاڵسی‌ كردوه‌.