هەواڵگری ئەمریكی : داعش شەڕی تاكە كەسی دەكات

17/06/2016 - 10:24 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

 

سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ئەمریكی ئاشكرای دەكات، گروپە چەكدارەكانی داعش هەوڵ دەدەن چەكدارەكانیان ڕەوانەی ووڵاتانی خۆرئاوا بكەن و هەروەها لایەنگرانی خۆی لە ڕۆژئاوا هان بدات تاوەكو هێرشی تاكە كەسی و چەتەگەری ئەنجام بدەن بە هاوشێوەی ئەوەی ڕۆژی یەكشەممە لە ئۆرلاندۆی ویلایەتی فلۆریدا ڕوویدا.
(جۆن برێنان) سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ئەمریكی لە بەردەم كۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی سینات ڕایگەیاند، داعش مەشق و ڕاهێنان بە چەكدارەكانی دەكات تاكو ڕەوانەیان بكات بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش لە ووڵاتانی ڕۆژئاوا، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ڕەنگە داعش چەكدارە بیانـیەكانی خۆی ڕەوانەی ڕۆژئاوا بكات.
ئەم بەرپـرسەی ئەمریكا كە یەكێـك لە دەزگا هەواڵگریـیە گرنگەكانی ووڵاتەكە بەڕێوەدەبات، وتی : هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ووڵاتەكەی بەرەو پـێشچوونی لە دژی داعش تۆماركردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا داعش لە تاوانكاریـیەكانی نەوەستاوە.
باسی لەوەشكرد، داعش مانگانە بە لایەنی كەم دەیان ملیۆن دۆلار داهاتێتی لە فرۆشتنی نەوتی خاو و لەو باجەی لە خەڵكی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی دەسێنێت.
برێنان لە بەشێـكی دیكەی لێدوانەكەی بۆ سیناتۆرانی نێو كۆمیتەكە وتی : هێشتا داعش دەتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو بارودۆخەی تێـیكەوتووەو هەروەها كەسانی خۆی بۆ ناو خاكی بەرامبەرەكانی ڕەوانە بكات و هێرش ئەنجام بدەن، بەڵام جەختی لەوە كرد كە داعش ناتوانێت وەكو پـێشتر چەكدار بۆخۆی پەیدابكات.
پـێشبینیشی كرد داعش لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو پەنا بۆ شێوازی شەڕی چەتەگەری ببات تاوەكو قەرەبووی ئەو زیانانە بكات كە لە بەرەكانی شەڕدا دووچاری بووە.
پاشان باسی لە مەترسی داعش و بڵاوبوونەوەی باڵەكانی بە جیهاندا كردو وتی : لە قاعیدەی جاران مەترسیدارترە، ئاماژەی بۆ ژمارەی چەكدارەكانی داعش كردو وتی: بە دەیان هەزار چەكدار لە سەرانسەری جیهاندا مەزەندە دەكرێن.
دواتر وتی : گرنگە ناوچەی زیاتر لە داعش ڕزگاربكرێت و زیانی گەورە بە چەكدارەكانی و سەرچاوە دارایـیەكەی بگەیەنرێت.

 

ئـ . كـ