د. عەلی قەرەداغی: ترسمان لەروودانی كارەساتێكی گەورە هەیە، دۆخی هەرێم تەحەمولی ئەمە ناكات

20/06/2016 - 01:35 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی


كوردیو - هەولێر

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان، دكتۆرعەلی قەرەداغی لە لێدوانێكیدا لە بارەی بڕیارەكەی دادگای میسر بە سەپاندنی سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر سەكۆماری پێشووی ئەو وڵاتە محەمەد مورسی و هەڵوێستی رێكخراوەكەیی و داواكاری لە وڵاتانی ئیسلامی و جیهانی، هەروەها لەسەر دۆخی وڵاتانی ئیسلامی و دوایین رووداوەكانی هەرێمی كوردستان، مەترسییەكانی رێكخراوەكەی لە كەوتنەوەی كارەساتێكی گەورە لەشەڕی گرتنەوەی مووسڵدا قسەی كرد.

رۆژی شەممە 18/6/2016، دادگای میسر سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ سەركۆماری پێشووی ئەو وڵاتە محەمەد مورسی دەركرد، هەروەها سزای لەسێدارەدانی بۆ شەش كەسی دیكەش دەركرد كە دوانیان رۆژنامەنووسن.

دكتۆر عەلی قەرەداغی بە نیگەرانییەوە باسی لە بڕیارەكانی دادگای میسر كرد و وتی: "ئەو بڕیارەی دادگای میسر دژی مورسی بڕیارێكی سیاسییە بە ئیمتیاز و زۆر زۆر جێگەی سەرسوڕمانە لە دنیای دادوەریدا كە ئایا سەرۆكی دەوڵەت پەیوەندی ببەستێت لەگەڵ دەوڵەتێكی عەرەبی كە هەردووكیان ئەندامن لە رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی و كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی بێلایەن و نەتەوەیەكگرتووەكان، دوو دەوڵەتی برا ئایا سەرۆكەكانیان پەیوەندییان هەبێت بە چ كێشانە و چ عورفێك دادەنرێت بەوەی كە ئەوە تاوانە، جگە لە كێشانەی كەسی تاوانبار و دیكتاتۆر و كودەتاچیدا نەبێت ، ئەوەی رووی داوە زۆر زۆر نامەقوڵە و جێگەی سەرسوڕمانە كە سەردانی محەمەد مورسی بۆ لای سەرۆكی قەتەر بە تاوان هەژمار كراوە بەڵام دیدار و كۆبوونەوەی سیسی لەگەڵ بەرپرسانی زایۆنی لەملا و لەولا بە تاوان دانانرێت. ئەوەیش زۆر زۆر دژبەیەكە و نازانین چۆن دادوەر بڕیارێكی لەوشێوەیە دەردەكات و گەلەكەش چۆن ئەو بڕیارە قبووڵ دەكەن".

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان ئەوەشی وت كە ئەو بڕیارە لە رووی شەرع و عورف و یاسا و فیكر و هیچ شتێكی ترەوە قبووڵكراو نییە.

لەبارەی هەڵوێستی رەسمی رێكخراوەكەشییەوە وتی: "هەڵوێستمان بەگشتی ئەوەیە ئەوە زوڵم و تاوانێكی زۆر گەورەیە و ئیدانەی هەموو ئەو سزایانە دەكەین بەشێوەیەكی گشتی كە لەلایەن دادگاوە دژی ئەو كەسانە دەركراوە كە بێ تاوانن و بەشێوەیەكی سیاسی گیراون و سزادراون نەوەك بەشێوەیەكی دادوەرانە، ئەوەیش كارێكی ناڕەوایە و دەوڵەتی میسر سوودمەند نابێت و دەبێتە هۆی زیاتربوونی رق و كینە و كێشە و ئاڵۆزییەكان و هاندانی گەنجان بۆ كاری توندوتیژی و تیرۆر بەو پێیەی ئەو كەسانە زیاتر ئیمانیان بەكاری میانڕەوی نامێنێت".

قەرەداغی داوای كرد لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی بەرامبەر ئەو جۆرە بڕیار و سزایانە هەڵوێستیان هەبێت و بە بڕیارێكی ناڕەوا وەسفی كرد، هەروەها داوای لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و وڵاتانی جیهان و ئەوانەی داوای ئازادی مرۆڤەكان و بیروڕادەكەن كە هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر ئەو زنجیرە سزایانەی كە لەلایەن دادگاكانی میسرەوە بە سزای لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی دەردەچن.

سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا و بێدەنگیان بەرامبەر ئەو پێشێلكارییانەی لەو وڵاتەدا ئەنجام دەدرێن، قەرەداغی وتی: "بێدەنگی ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا بەرامبەر ئەو بڕیارانە دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان كە مامەڵەیان لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامیدا لەسەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان بنیات ناوە نەوەك لەسەر بەرژەوەندی گەل و نەتەوەكان و ئەوەی بەرامبەر مسوڵمانەكان دەكرێت، ئەوان بەلایانەوە كێشە نییە و تەنها لە خەمی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیاندان و خەم و گرنگی زیاتری ئەوان پاراستنی پەیوەندییەكانی میسر و ئیسرائیلە".

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا و لە بارەی دۆخی وڵاتانی ئیسلامییەوە دوا و بۆ ئئاژانسی ئەنادۆڵۆ وتی: "دۆخی جیهانی ئیسلامی بەشێوەیەكی گشتی دۆخێكی ناهەموارە و ئەو وڵاتانە زیاتر رووبەڕووی شەڕ و كوشتن و لەناوچوون دەبنەوە، هەروەك ئەوەی ئێستا لە عێراق و سووریا و وڵاتانی تر روودەدات كە لەم مانگەدا بەبێ‌ گوێدانە پیرۆزییەكانی رەمەزان خوێنی زیاتر دەڕژێت، چاوەڕوانی ئەوەیش لە ئەمریكا و رووسیا ناكەین كێشەكان لە سووریا چارەسەر بكەن بەپێچەوانەوە ئەوان كێشەكانی خۆیان چارەسەر دەكەن نەوەك كێشەی مسوڵمانان".

ئەو مەترسی رێكخراوەكەی نەشاردەوە لە دەرەنجامی شەڕی رزگاركردنەوەی مووسڵ و كەوتنەوەی ژمارەیەكی زۆری قوربانی لە دانیشتووانی شارەكە، لەو بارەیەوە وتی: "لە مووسڵ ترسمان هەیە لە دەرئەنجامەكەی و لەوەی لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی شارەكەدا هاوشێوەی فەللوجە دانیشتوانی شارەكە ببنە قوربانی كە زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبن و لە شارەكەیاندا ماونەتەوە، ترسمان هەیە لەوەی كارەساتێكی گەورە رووبدات و وەك رەققە و حەلەبی لێبێت، چونكە داعش نەریتی وایە هیچ شارێك چۆڵ ناكات تا بەتەواوەتی خاپوری نەكات، وەك ئەوەی لە رومادی و ئەنبار و فەللوجە ئەنجامی دا".

ئەو داواشی لە بەرپرسان و هێزە چەكدارەكان كرد بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ رزگاركردنەوەی شارەكە بكەن تا ئەو كارەساتە گەورەیەی مەترسی دەكەن روونەدات.

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان جارێكی تر ئیدانەی كردەوە تیرۆریستییەكانی ئەمریكا و فەڕەنسا و توركیا و وڵاتانی تری كرد و وتی: "ئیدانەی هەموو ئەو كردەوە تیرۆریستیانە دەكەین كە لەئەمریكا و فەڕەنسا و شوێنەكانی تر ئەنجام دەدرێت، چونكە هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە خەڵك بكوژێت بەوشێوەیەی ئەنجام دەدرێت، تیرۆر لە هەر شێوەیەك بێت ئیدانەی دەكەین و ئەو كەسانە نوێنەرایەتی ئیسلام و خزمەت بە ئیسلام ناكەن، ئەنجامدەرانی مسوڵمانی راستەقینە نین و بەپلان ئەو كارانە ئەنجام دەدەن".

ماوەی چەند رۆژێكە ناكۆكی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان زەقتر بۆتەوە و هەردوولا جەنگی راگەیاندنەكانیان دژ بەیەك توندتر كردۆتەوە، قەرەداغی كە پێشتر هەوڵی ئاشتەوایی و نێوەندگیری زۆری لایەنەكانی داوە، لایەنەكان لە مەترسی دۆخەكە ئاگادار كردەوە.

ئەو وتی: "كوردستان كاتی ئەوەی نییە ئەو شێوە ململانێ‌ و گژرییانەی تێدا بێت و داوا دەكەین لایەنە سیاسییەكان ئاگاداری ئەو دۆخە بن كە هەرێمی كوردستان پێدا تێپەڕ دەبێت و هەڵمەتی راگەیاندن دژی یەكتر رابگرن و بەرژەوەندی میللەت بخەنە پێش هەموو بەرژەوەندییە حزبی و كەسیەكانەوە ، چونكە دۆخی هەرێمی كوردستان و كێشەكان تەحەمولی ئەو شەڕی راگەیاندن و گرژیانە ناكات و پێویستە بەزووترین كات كۆتایی پێبهێنن و سیاسییەكان دانیشتنی بەپەلە بكەن تاوەكو لە رێگەی دانیشتن و گفتوگۆوە كێشەكان چارەسەر بكەن".

 

م. كانی