هێرشێكی گه‌وره‌ی داعش شكێنرا

ڕێبین عەلی 21/06/2016 - 00:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی
هێزەکانی سووریای دیموکراتی توانیان دووەم هێرشی بەرفراوان و قورسی چەکدارانی داعش کە بەمەستی شکاندنی گەمارۆیی سەر شاری منبەج لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا بوو، تێکبشکێنن.

ماڵپەڕی هەواڵ ٢٤ کە ماڵەڕێکی نزیک پەیەدەیە لە هەواڵێکی بەناوی " مژدەیەکی خۆش" ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دووەم هێرشی گەورەی داعش بۆ شکاندنی گەمارۆیی سەر منبەج کە شەوی رابردوو لە باکوری شارەکە لە ناوچەکانی جەرابلس و باب و مەسکنەوە ئەنجامدراوە بۆ رزگارکردنی ئەو چەکدارانەی داعش کە لەناو منبجەدا گیریان خواردبوو، لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتیەوە، تێکشکێنرا.

لە هەواڵەکەدا هاتووە ئەو هێرشەی چەکدارانی داعش کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆەوە دەستیپێکرد و گوندەکانی ( عریمە، عوسلەجی، تەوق خەلیل، محتەرق کەبیر، قرعە سەغیر، قرعە، جب ئەلعشرە، خربە روس، قریەی نعیمە، جب شێخ) ی گرتەوەو تا دوانێوەرۆی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.

 ئەم هێرشە دووەم هێرشی گەورە بووە کە چەکدارانی داعش هەوڵیانداوە گەمارۆی سەر شاری منبەج بشکێنن و چەکدارە گەمارۆدراوەکانیان رزگار بکەن.

وا بڕیارە بەمزووانە ئەنجومەنی سەربازی منبەج کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری لەسەر شکاندنی ئەو هێرشەی داعش بڵاوبکاتەوە.
جەرابلس و باب دوو شارۆچکەن بەدەست چەکدارانی داعشەوەن و لەسەر سنوری تورکیان و دەکەونە باشووری شاری منبەج و لەنێوان هەردوو شاری کوردی کوبانێ و عفریندان.
ڕێبین عه‌لی