ئەمڕۆ یەكەم رۆژی هاوینە، بەڵام زەوی لە دوورترین خاڵە لە خۆر!

21/06/2016 - 10:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

هەموو ساڵێك و لە 20 یان لە 21 ی حوزەیراندا، دیاردەیەكی فەلەكی روودەدات و ناسراوە بە (وەرگەڕانی هاوینە – Summer Solstice) و ئەمساڵیش لە 20.6.2016 كاتژمێر 22.34 بەكاتی جیهانی و 01:34 ی بەیانی رۆژی 21.6.2016 بەكاتی كوردستاندا یەكەم رۆژی هاوینە، واتە ئەمرۆ زەوی دەگاتە دوورترین خاڵ لەخۆر كە دەگاتە 152 ملیۆن و 97 هەزارو 701 كیلۆمەتر، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە نیوەگۆی باكووردا وەرزی هاوین دەستپێدەكات، چونكە لاریی تەوەرەیی خولانەوەی زەوی بە 23° 26' پلە لەسەر خولگەكەی و هەڵبەزو دابەزینی ئاستی زەوی لەكاتی خولانەوەی بەدەوری خۆردا وادەكات لە 20 یان 21 ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك، تیشكی خۆر بە شێوەیەكی نیمچە ستوونی بێت لەسەر (خولگەی قڕژاڵ) ی لە نیوەگۆی باكووری زەوی و كە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەبەر مانەوەی زیاتری خۆر لە ئاسمان و درێژبوونەوەی كاتی رۆژ و كورتبوونەوەی ماوەی شەو بۆدواین ئاستدا.

 

بە پێچەوانە لە باشووری زەویدا، تیشكی خۆر لار دەبێت لەسەر (خولگەی گیسك)، بۆیە لە دەرەنجامی كەمیی مانەوەی خۆر لە ئاسمان و كورتبوونەوەی ماوەی رۆژو درێژبوونەوەی ماوەی شەو، لە نیوەگۆی باكووردا دیاردەی (وەرگەڕانی زستان) ەیە، واتە دابەزینی زۆری پلەی گەرمیی دەستپێكردنی وەرزی زستان لە 20 یان 21 ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك.

 

لەهەمان كاتدا و لە جەمسەری بەستووی باكوورو لێرە بەدواوە تا ماوەیەكی دیكە خۆر لە ئاسمانیدا ئاوانابێت و بە پێچەوانە بۆ كیشوەری بەستووی باشوور (ئەنتاركتیكا) شەوداهاتنێكی بێ هەڵاتنی خۆر تاماوەیەك دەست بەسەر ئەو ناوچەیە دادەگرێت.

 

راگەیاندنی‌ بەرێوبەرایەتی‌ گشتی‌ كەشناسی‌ هەرێم .

 

سەلام بێستانسوری