وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا وتارێكی به‌ السلام علیكم ده‌ست پێكرد

22/06/2016 - 12:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

كوردیو -

به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی په‌نابه‌رانه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ خوانێكی به‌ربانگدا كه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای مسوڵمانی ناوچه‌ی دوڵسه‌وه‌ رێكخرابوو به‌شداری كرد.

جۆن كیری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ میانی به‌شداری كردنی له‌ خوانه‌كه‌دا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی له‌ ئه‌مریكا په‌سه‌ند كراون نه‌بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ و وتیشی: جیاكاری له‌ نێوان مرۆڤه‌كاندا به‌پێی ئایین یان وڵاته‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌هاكانی ئه‌مریكادا ناگونجێت.

كیری، وتاره‌كه‌ی به‌ "السلام علیكم" ده‌ست پێكرد و ووتی مسوڵمانانی جیهان پیرۆزترین مانگه‌كانی ساڵ به‌ڕێده‌كه‌ن و ده‌سته‌واژه‌ی "ره‌مه‌زان كه‌ریم"ی به‌كارهێنا.


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، به‌ توندی ره‌خنه‌ی له‌و بۆچوونانه‌ گرت كه‌ ده‌ڵێن ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی له‌ ئه‌مریكا وه‌رگیراون بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر ئاسایشی وڵات و وتی: ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ دوای چاودێریه‌كی دیاری كراو وه‌رگیراون نه‌بوونه‌ته‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ وڵاته‌كه‌مان، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ ده‌ری بخات كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌، په‌نابه‌ران له‌ هیچ كام له‌و گرووپانه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا مه‌ترسیدارتر نین.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ جیاكاری له‌نێوان مرۆڤه‌كاندا به‌پێی ئایین یان وڵاته‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌هاكانی ئه‌مریكادا یه‌ك ناگرێته‌وه‌، به‌كارهێنانی زمانی توند به‌رامبه‌ر په‌نابه‌ران له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گرووپه‌ تیرۆریسته‌كاندایه‌.

ووتیشی: كردنه‌ ئامانجی په‌نابه‌ران و لێدوانی نه‌شیاو به‌رامبه‌ریان، خزمه‌تكردنه‌ به‌ گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان. هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌شوهه‌وایه‌ك دروست بكه‌ن كه‌ گوایه‌ له‌ نێوان ئه‌مریكا و ئیسلامدا جه‌نگێك ده‌گوزه‌رێت. ئه‌وه‌ راست نییه‌. وڵاتێك نییه‌ وه‌ك ئه‌مریكا مسوڵمانان به‌ ئازادی تێیدا بژین.

له‌و خوانی به‌ربانگه‌شدا كه‌ نوێنه‌رانی ئایینه‌ جیاوازه‌كان به‌شداریان كردبوو سه‌ربازێكی مسوڵمانی ناو سوپای ئه‌مریكا بانگی ئێواره‌ی دا.


 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی