ئەردوگان : تاكو ساڵی 2020 دانانی ئێس 400 تەواو دەبێت

16/07/2019 - 09:22 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

سەرۆكی توركیا رایگەیاند، پێشبینی دەكرێت تاوەكو مانگی چواری ساڵی 2020 دانانی سیستەمی بەرگری موشەكی ئێس 400 ی ڕووسی تەواو ببێت.

لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا توركیا بەشەكانی سیستەمە ڕووسییەكەی وەرگرتووە، ئەوەش بۆتە مایەی نیگەران بوونی ئەمریكاو بەشێك لەئەندامانی ناتۆ.

ئەم گرێبەستەی توركیا لەگەڵ ڕووسیادا گرژی خستە نێو پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرەوە، ئەمریكا دەڵێت : ئەو سیستەمە بەرگرییە موشەكییە لەگەڵ سیستەمە بەرگرییەكانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا یەك ناگرێتەوەو مەترسی دەبێت بۆ سەر فڕۆكە جەنگییە ئێف 35 ە كانی ئەمریكا، هەروەها بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن: ئەم هەنگاوەی توركیا لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی سزا بسەپێنرێت بەسەر توركیادا.

ئەردوگان لە فڕۆكەخانەی ئەتاتورك وتی : هەشت فڕۆكە بەشەكانی سیستەمە ڕوسییەكەیان گواستۆتەوەو زیاتریشمان پێدەگات.

وتیشی : بە ویستی خوا هەتاوەكو مانگی چواری ساڵی 2020 لە شوێنەكانی خۆیان جێگیر دەكرێن.

وتیشی : سیستەمی ئێس 400 بەهێزترین سیستەمی بەرگری موشەكییە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەوانەی كە دەیانەوێت هێرش بكەنە سەر وڵاتەكەمان، ئینشائەلڵا وەكو وەبەرهێنانێكی هاوبەش ئەوە لەگەڵ ڕووسیادا دەكەین، بەردەوامیش دەبین.

لەلای خۆیانەوە بەرپرسانی ئەمریكی وتیان: ئەگەری هەیە توركیا لە پڕۆگرامی وەبەرهێنانی فڕۆكەی جەنگی ئەمریكی ئێف 35 دووربخرێتەوە كە ئەو فڕۆكانە لە توانایاندا هەیە خۆیان لە ئامێرە ڕادارەكان بشارنەوە، ئەوەش مانای ئەوەیە توركیا بەشێك نابێت لە پڕۆسەی وەبەرهێنان و كڕینی ئەو جۆرە فڕۆكە جەنگییانە كە پێشتر داوای كردووە بیانكڕێت.