سەرۆكی ئەمریكا بۆ جاری سێیەم پرۆژەیاسای یەمەنی ڤیتۆكرد

25/07/2019 - 10:37 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

سەرۆكی ئەمریكا بۆ جاری سێیەم پرۆژە یاسایەكی كۆنگرێسی ڤیتۆ كرد كە پێشنیازی دەكرد فرۆشتنی چەك بە سعوودیە رابگیرێت بە هۆی ئەو قوربانییانەی لە كەسانی مەدەنی لە یەمەن دەكەونەوە.


بە گوێرەی هەواڵی بەشێك لە ئاژانسە جیهانیەكان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ جاری سێیەم پرۆژە یاسایەكی كۆنگرێسی ڤیتۆ كرد كە پێشنیازی دەكرد فرۆشتنی چەك بە سعوودیە رابگیرێت بە هۆی ئەو قوربانییانەی لە كەسانی مەدەنی لە یەمەن دەكەونەوە.

 

دۆناڵد ترەمپ لەبارەی پرۆژە یاساكەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئەو پرۆژە یاسایە پێشنیازكراوەی بە "بەهەڵە بیری لێكراوەتەوە و كات بەفیرۆدەر" وەسف دەكات.

 

سەرۆكی ئەمریكا لە راگەیەندراوەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات كە پرۆژە یاساكە توانای ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان بۆ كێبڕكێ لاواز دەكات و زیان دەگەیەنێت بەو پەیوەندییانەی كە وڵاتەكەی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستوویەتی.

 

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەداوە كە ئەمریكا زۆر نیگەرانە لە قوربانییانی مەدەنی لە یەمەن و هەوڵی تەواو دەدات بۆ كۆتایی هاتنی جەنگ لەو وڵاتەو دەڵێت:بەم پرۆژە یاسایە كە باس لە هۆكارە سەرەكییەكانی پشت پێكدادانی یەمەن ناكات و بەهەڵە بیری لێكراوەتەوە  كات بەفیڕۆدەرە، ناگەین بە هیچ كوێیەك. بەردەوام دەبم لە پشتگیریكردنی هەوڵەكانی كۆنگرێس بۆ دزۆینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەكانی یەمەن لە رێگەی دانوستانەوە.