پاكستان... بەهۆی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكەوە 17 كەس گیانیان لەدەستدا

30/07/2019 - 10:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

فڕۆكەیەكی مەشق و راهێنانی سەربە هێزەكانی ئاسمانیی پاكستان لە نزیك ئیسلام ئابادی پایتەخت لە ناوچەیەكی نیشتەجێبوون كەوتە خوارەوە و بە هۆیەوە 17 كەس گیانیان لەدەستدا كە پێنجیان سەربازن.


بە گوێرەی هەواڵی بەشێك لە ئاژانسە جیهانیەگان، فڕۆكەیەكی مەشق و راهێنانی سەربە هێزەكانی ئاسمانیی پاكستان لە ناوچەی مۆرا كالو كەوتووەتە خوارەوە كە 30 كم لە ئیسلام ئابادی پایتەختی ئەو وڵاتەوە دوورە.

 

باس لەوە كرا كە فڕۆكەكە لە میانی مەشقی ئاساییدا كەوتووەتە سەر ناوچەیەكی نیشتەجێبوون و ئاگری گرتووە و لە ئەنجامدا چەند ماڵێك بە هۆی ئاگرەكەوە زیانیان بەركەوتووەو دوا بە دوای رووداوەكە تیمەكانی فریاگوزاری و ئاگركوژێنەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و دەستیان بەكارەكانی رزگاركردن كرد.

 

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو: لە ئاكامی ئەو رووداوەدا، 17 كەس گیانیان لەدەستدا كە 12یان مەدەنی و پێنجیان سەرباز بوون و دووانیان ئەفسەر بوون بە پلەی موقەدەم و تا ئێستا هیچ روونكردنەوەیەك نەدراوە لەبارەی هۆكاری كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە.