لە باكووری سوریا شەڕێكی سەخت بەڕێوەدەچێت

14/08/2019 - 15:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

 

 

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردۆتەوە، بەهۆی شەڕو پێكدادانەكانەوە لەنێوان هێزەكانی حكومەتی سوریاو گروپە چەكدارەكانی باكووری ڕۆژئاوای سوریا بەلایەنی كەمەوە (60) كەس كوژراون.

لە كۆتای مانگی چوارەوە پارێزگای ئیدلەب و ناوچەكانی دەوروبەری ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشە ئاسمانییەكانی حكومەتی سوریاو فڕۆكە ڕووسییەكان بوونەتەوە، ئەمەش هاوكات لەگەڵ ئەو شەڕو پێكدادانە توندانەی كە لەمدواییانەدا لە ناوچەكەدا دەكرێت، گروپی هەیئەی تەحریر شام كە پێشتر بە بەرەی نوسرە ناسرابوو بەشێكی زۆری ئیدلەب و دەوروبەری لەژێر دەستدایەو لەو ناوچانەدا گروپە ئیسلامییەكان و ئۆپۆزسیۆنیشیان تێدایە كە دەسەڵاتیان كەمترە.

دوێنێ‌ شەڕو پێكدادانێكی توند لە شارۆچكەیەكی لە ئیدلەبی باشوور دەستی پێكرد، بەپێی ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ (20) چەكداری گروپەكان كوژراون و زۆربەیان چەكدارانی تەحریر شام بوون، هەروەها (23) كەسیش لە هێزەكانی حكومەتی سوریا كوژراون.

لە لازقییەی تەنیشت ئیدلەب شەڕو پێكدادانەكانی نێوان دوو لایەنەكە لە ناوچەی شاخی كوردان (10) چەكداری گروپە چەكدارەكان كوژران و شەش كەسیش لە هێزەكانی حكومەتی سوریا كوژراون.

ڕوانگەی سوری وتی، ئەم شەڕو پێكدادانانە هاوكاتن لەگەڵ بۆرودمانكردنی ناوچە دوورە دەستەكانی ئیدلەبی باشوورو لازقییەی باكوورو حەمای باكوور، هێرشە ئاسمانییەكانی ڕووسیا دوێنێ‌ بوونە هۆی كوژرانی شەش هاوڵاتی مەدەنی لەنێویاندا سێ كەس لە خان شیخۆن و سێ كەسی دیكەیان لە گوندی ساڵحییەی باشووری ئیدلەب.

هێزەكانی حكومەتی سوریا لەچەند رۆژی رابردوو پێشڕەوییان كرد لە شارۆچكەیەك لە ئیدلەبی باشوور لەكاتێكدا توانیان كۆنتڕۆڵی شارۆچكەی هەبیت و دەوروبەری بكەن، هەوڵدەدەن بەرەو ناوچەی خان شیخۆن پێشڕەوی بكەن كە گەورەترین شارۆچكەیە لە ئیدلەبی باشوور.