كریستیانۆ رۆناڵدۆ و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك هه‌ڵه‌ى كوشنده‌یان ئه‌نجامدا.. باسیان له‌ سوتانى دارستانه‌كانى ئه‌مازۆن كردبوو

25/08/2019 - 16:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

كریستیانۆ رۆناڵدۆى پرتوگالى و یاریزانى یانه‌ى یۆڤینتۆسى ئیتاڵى یه‌كێك بوو له‌و كه‌سایه‌تییه‌ به‌ناوبانگانه‌ى جیهان ، كه‌ كۆمێنتیان له‌سه‌ر سوتانى دارستانه‌كانى ئه‌مازۆنى وڵاتى به‌رازیل هه‌بوو ، به‌ڵام ئه‌م یاریزانه‌ دووچارى هه‌ڵه‌یه‌ك بووه‌ كه‌ خه‌ڵكێكى زۆر تێبینى ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌یان نه‌كردووه‌ ، كه‌چى ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ به‌ گه‌وره‌ داده‌ندرێت .


رۆناڵدۆ له‌ ئه‌كاونتى خۆى له‌ "ئینستاگرام " وێنه‌ی دارستانێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌سوتێت ، له‌گه‌ڵ نوسینى كۆمێنێت له‌سه‌ر وێنه‌كه‌ " دارستانه‌كانى ئه‌مازۆن زیاتر له‌ (20%) ى رێژه‌ى ئۆكسجین بۆ جیهان دابین ده‌كه‌ن ، ماوه‌ى سێ هه‌فته‌یه‌ ده‌سوتێت . به‌رپرسیاریه‌تى ئێمه‌یه‌ كه‌ یارمه‌تى رزگاركردنى هه‌ساره‌ى زه‌وى بده‌ین . له‌ پێناوى دارستانه‌كانى ئه‌مازۆن بپاڕێنه‌وه‌ " .


به‌ڵام بۆ به‌دبه‌ختى ، ئه‌و وێنه‌یه‌ى كریستیانۆ رۆناڵدۆ به‌ ناوى دارستانه‌كانى ئه‌مازۆن بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ وێنه‌ى خودى ئه‌و دارستانه‌ نیه‌ ، هه‌وره‌ك هه‌زاران وێنه‌ى تر له‌ ماوه‌ى چه‌ند رۆژى رابردوو له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرانه‌وه‌ ، گوایه‌ وێنه‌ى دارستانه‌كانى ئه‌مازۆنن ، به‌ڵام وێنه‌ى ئه‌و دارستانه‌ نه‌بوون .


وادیاره‌ (دۆن ) زۆر خۆى ماندوو نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ووردى به‌ دواى وێنه‌ى دارستانه‌كانى ئه‌مازۆن بگه‌ڕێت ، بۆیه‌ هه‌ستاوه‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ی دارستانه‌كانى به‌رازیل كه‌ بۆ ساڵى 2013 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ .


كریستیانۆ رۆناڵدۆى پرتوگالیش تاكه‌ كه‌سایه‌تى به‌ناوبانگ نه‌بووه‌ ، كه‌ دووچارى ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ بووه‌ ، به‌ڵكو لیۆناردۆ دى كاپیرۆى كه‌سایه‌تى و ئه‌ستێره‌ى هۆڵیود و مادۆناى گۆرانى بێژ و ته‌نانه‌ت ئیمانوێل ماكڕۆنى سه‌رۆكى فه‌ره‌نساش هه‌مان هه‌ڵه‌یان ئه‌نجامداوه‌ .