بزووتنەوەی حەماس فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیلی خستەخوارەوە

11/09/2019 - 09:45 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیل لە باشووری كەرتی غەززەی گەمارۆدراو لە لایەن بزووتنەوەی حەماس-ەوە خرایەخوارەوەو سوپای ئیسرائیلیش هەواڵەكەی پشت ڕاستكردەوە.



بە گوێرەی هەواڵی بەشێك لە ئاژانسە جیهانیەكان یەكەیەكی سەر بە بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامی (حەماس) لە خۆرهەڵاتی شاری رەفەح باشووری كەرتی غەززە، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیلی خستووەتەخوارەوە.

 

لە هەواڵەكاندا باس لەوە كراوە، ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەی كە خراوەتەخوارەوە لە جۆری "quadcopter"لە لایەن حەماس-ەوە دەستی بەسەردا گیراوە.



ئافیخای ئەدرعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا كە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەوەی پشتڕاستكردووەتەوە كە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی وڵاتەكەی لە كەرتی غەززە خراوەتەخوارەوە.



جێگەی ئاماژەبۆكردنە كەرتی غەززە كە نزیكەی دوو ملیۆن فەلەستینی تیادا دەژی لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە تا ئێستا لە لایەن ئیسرائیلەوە ڕێگاكانی وشكانی، ئاسمان و دەریاوە گەمارۆی خراوەتە سەر.