ڕاپۆرتێكی شیكاری: دورخستنەوەی بۆلتن، ترمپ و كۆریای باكور لەیەك نزیكدەكاتەوە

11/09/2019 - 11:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی


پسپۆڕانی سیاسەت لەئەمریكا پێیان وایە دوورخستنەوەی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا لەسەر كارەكەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو كۆریای باكور گەرمتر دەكات و هەنگاوێك دەبێت بۆ لێكنزیكبونەوەی ئەو دووڵاتە.


بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی شیكاری ئاژانسی رۆیتەرز، پسپۆڕانی سیاسەت لەئەمریكا لەو باوەڕەدان كە دوورخستنەوەی جۆن بۆڵتنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا دەبێتە هۆی گەرمتربوونی پەیوەندیەكانی نێوان ئەمریكاو كۆریای باكور و پێدەچێت بەو هۆیەوە گفتوگۆكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەرەوپێشچوونی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت.


بەپێی ڕاپۆرتەكە، كیم جۆن ئونی سەرۆكی كۆریای باكور ئەو بڕیارەی سەرۆكی ئەمریكا لە ناوخۆی وڵاتەكەیدا بكاتە دەستكەوتێكی سیاسی و ئەگەری دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوانیان لەسەر داماڵینی چەكی ئەتۆمی زیاد بكات.


جێگەی ئاماژەبۆكردنە لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆكی ئەمریكاو سەرۆكی كۆریای باكور لەسەر پرسی داماڵینی چەكی ئەتۆمی لە كۆریای باكور كۆبوەنەتەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی كۆریای باكور دژایەتی جۆن بۆڵتنی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكایان كردوە.