جەمیل بایك: ئەمریكا پشتیوانی توركیا دەكات بۆ لەناوبردنی كورد

10/02/2019 - 16:12 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی


هاوسەرۆكی دەستەی بەرێوبەرایەتی پەكەكە ناسراو بە كەجەكە ڕەخنەی توند لە ئەمریكا دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت هاوپەیمانی ئەمریكا دژی داعش درۆینە بووە و بەداری توركیاش لەو هاوپەیمانیە تەنها پشتیوانی ئەمریكا بوو بۆ توركیا كە هێرش بكاتە سەر پەكەكە و كورد.


میدیای فەرمی پەكەكە چاوپێكەوتنێكی جەمیل بایك هاوسەرۆكی كەجەكەی بڵاوكردەوە كە لەگەڵ گۆڤارێكی ئەڵمانی ئەنجامی داوە و و تیایدا دەڵێت" ئەمریكا لە ٢٢ی تەمووزی ٢٠١٥ ،لەگەڵ توركیا رێكەوت كە گوایە كۆماری توركیا بەشداریی هاوپەیمانیی دژ بە داعشی كردووە، بەڵام دەوڵەتی كۆماری توركیا لە رۆژئاوای كوردستان و سوریا هەرگیز بەشداریی هاوپەیمانیی دژ بە داعش نەبوو. لەگەڵ ئەمریكا رێككەوتنێكی دوو لایەنەی ئەنجامدا، گوایە لە دژی داعش هاوپەیمانیی دووەمیان دروستكردبوو. لە راستیدا رێككەوتنەكەیان لەگەڵ توركیا هاوپەیمانیی دژ بە داعش نەبوو، بەڵكو بۆ هێرشكردنە سەر پەكەكە بوو".


وتیشی" هاوپەیمانییەكی درۆینە لە دژی داعش دروستكرا و لە تشرینی یەكەمی ٢٠١٧ / رەزبەر، رەقا رزگار كرا و داعش تێكشكا، ئەو هاوپەیمانییەی كە لە دژی داعش دروستبوو بوو، لاواز بوو. ئەمریكا لە بریی ئەوەی هاوپەیمانیی دژ بە داعش بە بنەما بگرێت و بەهێزی بكات، ئەو هاوپەیمانییەی كە گوایە لە دژی داعش دروستكرابوو، كە لە راستیدا لە دژی پەكەكە دروستكرابوو".


ئەو بەرپرسەی پەكەكە دەڵێت " ئەمریكا هێزێكی گرنگی لە سوریا نییە و بە زۆری لە ئاسمانەوە بەشداریی شەڕ بوو، ئەوانەی لە زەویدا شەڕیان كردووە، بەرگرییان كردووە و پاراستنیان كردووە، هێزەكانی سوریای دیموكراتیك (قەسەدە) بوون ".