ئەمریكا هەناردەی نەوتی ئێران سفر دەكاتەوە

14/03/2019 - 09:18 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەراوێزی كۆنفڕانسێكی وزە لە شاری هیوستۆن رایگەیاند، واشنتۆن لەسەر ئەو بەڵێنەیە كە هەناردەی نەوتی خاوی ئێران بگەیەنێتە سفر.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی سپۆتنیك، (مایك پەمپیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەراوێزی كۆنفڕانسێكی هەفتەیی وزە لە شاری هیوستۆنی ویلایەتی تێكساس رایگەیاند، واشنتۆن لەسەر ئەو بەڵێنەیە كە هەناردەی نەوتی خاوی ئێران بگەیەنێتە سفر.

پەمپیۆ هەروەها داوای لە پیشەسازی نەوتی جیهانی بە تایبەت لە ئاسیاو ئەوروپا كرد كە بۆ پێشخستنی سیاسەتی دەرەكی ئەمریكاو سزادانی ئەوانی كە بە یاریگەرانی دزێو ناوی لێ بردن، هاوكاری واشنتۆن بكەن.

پەمپیۆ وتیشی: پێویستە قۆڵ هەڵماڵین و لە رێگەی ئاسانكاری بۆ سەرمایەداران، هاندانی هاوپەیمانان بە كڕینی نەوت لە ئێمەو سزادانی یاریگەرانی دزێو.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشدا كە گەشانەوەی بازاڕی هەناردەی نەوت و گازی ئەمریكا ئەو هەلە بۆ واشنتۆن دەڕەخسێنێت تا داخوازییەكانی بازاڕی وزە كە پێشتر بە دەستی ڕكابەرانی جیۆپۆلیتیكی ئەمریكاوە بوو، دابین بكات.

شایانی باسە كە ساڵی ڕابردوو دوای كشانەوەی ترامپ لە ڕێككەوتن، ئەمریكا گەمارۆ ئابوورییەكان و لەوان گەمارۆی نەوتی ئێرانی هەمدیسان دەست پێكردەوە.