لە بەریتانیا هێرشکرایە سەر چوار مزگەوت

21/03/2019 - 19:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

ئەفسەرانی دژە تیرۆری شاری بیرمینگهامی بەریتانیا دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە سەر چوار مزگەوتی شارەکە کردووە کە بوونەتە مایەی ناڕەزایی مووسوڵمانان.

لە شاری بیرمینگهام، چەند هێرشێک بە شەودا کراوەتە سەر چوار مزگەوت و لە رێگای چەکووشەوە، پەنجەرە و دەرگاکانیان شکێنراون، ئەمەش دەنگی ناڕەزایی مامۆستایانی ئاینی لەو شارەی رۆژئاوای بەریتانیا بەرزکردووەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی دەیلی مەیلی بەریتانی، هێرشەکان لە لایەن چەند کەسێکی نەناسراوە لە درەنگانی دوێنێ شەودا ئەنجامدراون و بەهۆیانەوە، حەوت پەنجەرە و دوو دەرگای چوار مزگەوت شکێنراون.

دژە تیرۆری شارەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام هێشتا هێرشبەران و هۆکاری هێرشەکانیان ئاشکرا نەکردووە.

تەنها ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە، هێرشبەران شەقامی ویتۆنیان لە شاری بیرمینگهام کردووەتە ئامانج کە بە سەنتەری خەڵکانی مووسوڵمان و مزگەوتەکان ناسراوە.

لە دوای هێرشە تیرۆرستییەکەی شاری کریس چێرچ لە وڵاتی نیوزیلاند کە تیایدا 50 نوێژخوێن گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 50 دیکەش بەرینداربوون، دووەم جارە لە چەند هەفتەی رابردوودا هێرشی سەر مزگەوتەکان لە وڵاتانی نا ئیسلامی ئەنجام دەدرێن.

تەنها مزگەوت و موسووڵمانان نەبوونەتە ئامانجی توندووتیژییەکان، بەڵکو وەک ئەوەی لە هەواڵێکی سایتی تێلیگراف هاتووە، دوێنی چوارشممە، شۆفێرێکی پاسی سەنیگالی "لە تۆڵەی خنکانی منداڵانی پەنابەر لە دەریاکان"، پاسێکی گواستنەوەی منداڵانی لە شاری کریمۆنای ئیتاڵیا رفاندووە و هەوڵی سووتانیانی داوە، بەڵام پۆلیس رێگری لە رووداوەکە کردووە.

جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نائارامیی و هەژاریی لە بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقا، لێشاوی پەنابەرانی بۆ ئەوروپا لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو تەواو زیادکردووە، ئەمەش بەریەکەوتنی کەلتوور و ئاینەکانی زیادتر کردووە لە ئەوروپا؛ بەهۆیەوە، چەند جارێک هێرشی نەخوازراو و خوێناویی ئەنجام دراون.