ئیسرائیل پێگەیەكی ئێرانی لەنێو سوریا بۆردومان دەكات

14/04/2019 - 09:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

بۆیەكەم جار ئیسرائیل بە موشەكی كرۆز لە رێگەی دەریاوە هێرشی كردە سەر سوریاو كارگەیەكی دروستكردنی موشەكی ئێرانی كردە ئامانج.

پێگەی ئەنتل تایمزی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، هێرشەكە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە موشەكی ئاڕاستەكراو لە دەریاوە بە دووری (250) كیلۆمەتر ئاڕاستەی شاری مەسیاف كراوەو چەند باڵەخانەیەك وێرانكراوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەهێرشەكەدا كارگەیەكی دروستكردنی موشەكی (زلزال دووی ئێران) ی لەناوبراوە لە ڕێگەی مووشەكی كرۆز كە مەوداكەی زیاتر لە (300) كیلۆمەترە.

بەپێی ڕاپۆرتی پێگە ئیسرائیلیەكە، موشەكەكە هەڵگری كڵاوەی جەنگیە كە كێشەكەی دەگاتە نیو تۆن و دوای جێگیربوونی بە وردی ئامانجەكەی دەپێكێت و مەوداكەشی زیاد دەكات.

هاوكات ڕاگەیاندنەكانی سوریا بڵاویانكردەوە، فڕۆكە جەنگیەكانی ئیسرائیل هێرشیان كردۆتە سەر چەند ناوچەیەكی سەربازی لە شاری مەسیاف و بەهۆیەوە (25) كەس كوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، لە سپتەمبەری (2018) دا تەلەفزیۆنی ئێرانی پڕۆژەی پەرەپێدانی موشەكی (زلزال دوو) ی بڵاوكردەوە كە تواناكانی زیادكراوە.