ئەمریكا 120 هەزار سەرباز رەوانەی خۆرهەڵات دەكات

14/05/2019 - 10:24 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

ڕۆژنامەی نیۆرك تایمزی‌ ئەمریكی‌ ئاشكرایكرد، وڵاتەكەی ئامادەكاری‌ دەكات بۆ ئەوەی (120) هەزار سەرباز ڕەوانەی‌ ڕۆژهەڵاتی‌ ناوەڕاست بكات تاكو وەڵامی‌ هەر هەڕەشەیەكی‌ ئێران بداتەوە.

رۆژنامەی‌ نیویۆرك تایمزی‌ ئەمریكی‌ بڵاویكردۆتەوە، وەزارەتی‌ بەرگری‌ وڵاتەكەی، پلانێكی‌ سەربازی‌ پێشكەوتووی‌ ئامادەكردووە بۆ ئەوەی (120) هەزار سەرباز ڕەوانەی‌ ڕۆژهەڵاتی‌ ناوەڕاست بكات، ئەگەر ئێران هێرشی‌ كردەسەر هێزەكانی‌ ئەمریكا یاخود دەستی‌ بە بەرهەمهێنانی‌ چەكی‌ ئەتۆمی‌ كردەوە.

ڕۆژنامەكە لە زاری‌ دوو بەرپرسی‌ كۆشكی‌ سپییەوە كە ناوەكانی‌ ئاشكرا نەكردوون، دەڵێت: كۆتایی هەفتەی رابردوو (پاتریك شاناهان) وەزیری‌ بەرگری‌ ئەمریكا بەوەكالەت لە میانی‌ كۆبوونەوەی‌ گەورە ڕاوێژكارانی‌ ئەمنی‌، (دۆناڵد ترامپ) سەرۆكی‌ ئەمریكا ئەو پلانەی‌ خستۆتەڕوو، ئاماژەشی بەوە كردووە، كە ئەو پلانە لەسەر داوای‌ جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژكاری‌ كاروباری‌ ئاسایشی‌ نەتەوەیی ئەمریكا دانراوە.

هەر بەپێی نیویۆرك تایمز، ئەم سیناریۆیە چوونە ناو خاكی‌ ئێران لەڕێگەی‌ زەمینییەوە ناگرێتەوە، چونكە ئەو كارە پێویستی‌ بە ژمارەیەكی‌ زیاتر سەرباز هەیە.