ئەمریكا گورزێكی ئابوری لە توركیا دەدات

17/05/2019 - 18:52 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرایكرد، توركیا لە لیستی سیستەمی بژاردە فراوانكراوەكان دەرهێنراوە، كە سیستەمێكە دەستەبەری سوودی باج دەكات لە بازرگانییكردن لەگەڵ ئەمریكادا.

لە راگەیەندراوێكدا (دۆناڵد ترامپ) وردەكارییەكانی ئەو فەرمانەی بۆ رای گشتی روونكردەوە كە لە رێگەیەوە توركیای لە سیستەمەكە دەرهێناوە.

ترامپ ئاشكرایكردووە، رۆژی چواری ئادار زانیاری داوەتە كۆنگرێس كە نیازی ئەنجامدانی كارێكی لەو شێوەیەی هەیەو دوای ئەوەی رێكاری پێویستی لە بەشی پەیوەستدا ئەنجامداوە، توركیای لە لیستی ئەو وڵاتانە دەرهێناوە كە ئەمریكا لە باج بەخشیونی.

سەرۆكی ئەمریكا جەختی لەوەكردۆتەوە كە ئاستی ئابووری توركیا چۆتە سەروو ئەو ئاستەی كە رێگەی پێدەدات سوود لەو سیستەمە وەربگرێت و بڕیارەكەش لە رۆژی (17/5/2019) ەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

سەرۆكی ئەمریكا لەو نامەیەی چواری ئادار بۆ كۆنگرێسی رەوانە كردبوو باسی لەوە كردبوو كە دەیەوێت توركیا لە سیستەمی بژاردە گشتێندراوەكان دەربهێندرێت و ئیدی گەشەكردنی توركیایشی لە رووی ئابووریەوە كردبووە پاساوی ئەو بڕیارەی.

لە میانی بەرنامەی سیستەمی بژاردە گشتێندراوەكان كە لە (1974) ەوە لە ئەمریكا كاری پێ دەكرێت و لە (1975) ەوە توركیا لەو سیستەمە وەرگیرا نزیكەی چوار هەزار جۆر كاڵا و كەلوپەلی (121) وڵات كە لەگەڵ پێودانگەكان گونجاون بێپێدانی گومرگ دەچنە بازاڕەكانی ئەمریكا.

لەمیانی ئەو بەرنامەیەدا ژمارەیەك كاڵاو بەرهەمی وەك كشتوكاڵی، پارچەكانی ئۆتۆمبێل، بەردی بەنرخ و خشڵ، پلاستیك لە توركیاوە هاوردەی ئەمریكا دەكران.