شەڕ نزیكتر دەبێتەوە ، هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌نێو وڵاتانی كه‌نداو بڵاو دەكرێتەوە

ReBiN 18/05/2019 - 10:45 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

سعودیه‌ و به‌شێك له‌ وڵاتانی كه‌نداو ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر داواكارییه‌كی ئه‌مریكا نیشاندا بۆ دوباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌نێو ئاوی كه‌نداو و له‌سه‌ر خاكی وڵاتانی ناوچه‌كه‌.

به‌وته‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی كه‌نداو، كه‌ قسه‌یان بۆ رۆژنامه‌ی "الشرق الاوسط" كردوه‌، ره‌زامه‌ندییه‌كه‌ به‌پێی رێككه‌وتنه‌ دوو قۆڵییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و وڵاتانی كه‌نداوه‌، كه‌ ده‌یانه‌وێت روبه‌ڕوی ئێران ببنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك بكاته‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ رێی هه‌ڵسوكه‌وته‌ مه‌ترسیداره‌كانی بۆسه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كان دوپاتیده‌كه‌نه‌وه‌، پاڵنه‌ری یه‌كه‌م بۆ سه‌رله‌نوێ بڵاوبونه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌نێو وڵاتانی كه‌نداو به‌رگریی هاوبه‌شه‌ له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ یاخود به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌و وڵاتانه‌دا، نه‌ك ده‌ستپێكردنی جه‌نگ له‌ دژی ئێران.

ئەو هەنگاوە نوێیەی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو لە کاتێکدایە دوێنێ هەینی تاران لەسەر زاری حشیمەتوڵا فەلاحەت سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو داوای گفتوگۆی کرد لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەشێک لە پێشبینییەکان ئەو ئامادەکارییە سەربازییەی ئەمریکا لە کەنداو لە بەرامبەر ئێراندا، بە ئاماژەیەکی بەهێز دەزانن بۆ رودانی جەنگ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.