پێنتاگۆن: ​سوپای پاسداران لە پێشت هێرشەکانی سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کەنداوەوەیە

SHKO 25/05/2019 - 07:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

واشنتۆن بەرپرسیارییەتی هێرشکردنەسەر کەشتییەکانی نەوت لە کەنداو و هێرشە مووشەکییەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە بەغدا خستە ئەستۆی ئێران و گرووپە نزیکەکانی.
ئەدمیراڵ مایکل گیلدای لە سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، سوپای پاسداران هێرشەکانی سەر نەوت گوێزەرەوەکانی بەندەرەی فوجێرەی ئیماراتی ئەنجامداوە.

ئەو فەرماندەیەی سوپای ئەمریکا ئەو هێرشەی بە بەشێک لە هەڵمەتەکانی تاران لە ناوچەکە ناوبرد، کە بووە هۆی ئەوەی پاڵ بە واشنتۆنە بنێت هێزەکانی لە ناوچەکەدا بڵاوەپێبکات.

ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەکردووە بڕیاری ناردنی هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی دیکە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وادەکات باشتر چاودێری ئێران و گرووپە نزیکەکانی بکرێت.

ئەو بەرپرسە بەڵگەی نەخستووەتەڕوو بۆ گرێدانی ئێران بەو هێرشانەوە، بەڵام رایگەیاندووە ئەو بڕیارەیان بە پشتبەستن بەو زانیارییە هەواڵگرییانە داوە کە لە ناوچەکە کۆکراونەتەوە.

لەو کاتەشدا هەریەکە لە سعودیە و ئیمارات و نەرویج نامەیەکی هاوبەشیان ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و لەو هێرشەیان ئاگادار کردەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ رەزامەندی نیشاندا لەسەر ناردنی چەک و جبەخانە و سەربازی زیاتر بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وەک خۆی دەڵێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران لەسەر ناوچەکە.