پۆڵەندا فڕۆكەی (F 35) لە ئەمریكا دەكڕێت

29/05/2019 - 09:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 

 

وەزیری بەرگری پۆڵەندا (ماریۆش بلاشتاك) وتی: وڵاتەكەی بەنیازە (32) فڕۆكەی جەنگی (ئێف 35) ی ئەمریكی بكڕێت كە كۆمپانیای (لۆكهید مارتن) بەرهەمیان دەهێنێت تاوەكو شوێنی ئەو فڕۆكە جەنگیانەی پۆڵەندا بگرنەوە كە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی سۆڤییەت.

بلاشتاك وتی : داوایەكمان ناردووە بۆ هاوبەشە ئەمریكییەكانمان بۆ دەستكەوتنی نرخی (32) فڕۆكەی جەنگی (ئێف 35) و پلانی ڕێكخستنە لۆجیستی و مەشقەكان.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا مانگی ڕابردوو وتی: بەنیازە فرۆشتنی فڕۆكە جەنگییە (ئێف 35) ەكانی بۆ پێنج وڵاتی دیكە فراوانتر بكات كە پۆڵەنداشی تێدایە، ئەمەش لەكاتێكدایە هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی ئەمریكا هەوڵدەدەن بەرگری وڵاتەكانیان بەهێزتر بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕووسیا كە تا دێت بەهێزتر دەبێت.

جێگەی ئاماژەیە پۆڵەندا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە لە (2%) ی خەرجی بەرگری هاوپەیمانێتی ناتۆی دابین كردووە، وارشۆ لە ساڵی (2017) دا ڕازیبوو بەزیادكردنی خەرجی بەرگری لە (2%) ەوە بۆ لە (2.5%).

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا وتی: فرۆشتنی چەكی ئەمریكی بە وڵاتانی بیانی لە (13%) زیادیكردووە، نرخی فڕۆكەیەكی (ئێف 35) ی ئەمریكی نزیكەی (85) ملیۆن دۆلارە.

بلاشتاك لە بەیاننامەیەكدا وتی، پۆڵەندا سەركەوتووە بووە لە ڕازیكردنی ئەمریكا تاوەكو بوونی سەربازی خۆی لە خاكی پۆڵەندادا زیاد بكات.